رابەر تەڵعەت
حکومەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوای رووداوەکانی بەهاری عەرەبی و لاوازبوونی دەوڵەت؛ گەورەترین تەحەددا رووبەرووی بوونەوە، بەهێزبوونی ئەو ئاکتۆرە نادەوەڵەتیانەیە کە بۆشایی دەوڵەت پڕ دەکەنەوە؛ سوپا و چەک، تەکنەلۆژیای سەربازی، هەواڵگریی، ئابووری، چاودێری کۆمەڵایەتی و تەندروستی و بەشدارییان لە دامودەزگاکانی دەوڵەت و حوکمڕانیدا هەیە، دیارترینیان حیزبوڵڵای لوبنانی و گروپەکانی حەشدی شەعبین لە عێراق.
سەرهەڵدان و بەهێزبوونی ئەم گروپانە، ئەنجامی لاوازبوونی دەوڵەتە و بەردەوامبوونیان کێشەی گەورەی بۆ وڵاتانی خۆیان دروست کردووە، بوون بە سەرچاوەی ناسەقامگیریی و سوتەمەنی هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆیی و ناوچەیی، تەحەددای یاسای نێودەوڵەتییەکان دەکەن لە شەڕ و ئاشتیدا. بوون بە بەشێک لە ململانێ ناوچەییەکان و بەشێک لە ململانێی نێوان دەوڵەتەکان، لەپێناو مانەوە و بەهێزبوون و پشتگیریدا، بوونە بەشێک لە (بەرەی مقاوەمە) ئێرانی بە دژی ئیسرائیل و ئەمریکا!
یاسای نێودەوڵەتی کە لەبنەمادا مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتاندا دەکات، ئێستا لە بوونی ئەم گروپانە و ئەو هێز و دەسەڵاتەی هەیانە لە ئیدارەدانی شەڕ و ئاشتی و لاوازکردنی دەوڵەتەکاندا، دووچاری گرفت بووە و نازانێ چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بکات! ئێستا زلهێزەکان بیر لەچوارچێوەیەک دەکەنەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم گروپانە! داڕشتنەوەی سیاسەتی ناوچەکە، بڕیاری شەڕ و ئاشتی، پەیوەندی بە چارەنووسی ئەم گروپانەوە هەیە! ئایا کۆنترۆڵ دەکرێن؟ کێ دەبێ کۆنتڕۆڵیان بکات؟ ئایا دەبێ لەناوببرێن؟ کێ لەناویان دەبات و چۆن؟
دوای کوژرانی رێبەری کاریزمایی حزبوڵڵا (حەسەن نەسڕوڵڵا)، زۆر کەس چاوەڕێی سەرهەڵدانی شەڕێکی ناوچەیی، تەنانەت جیهانی گەورە دەکەن، بەڵام لەوە دەچێ ئەمە سەرەتای دەسپێکی گۆڕانکارییەکی گەورە بێت بەرەو ئاشتی و سەقامگیریی! هێزە نادەوڵەتییەکان چەند گەورە و کاریگەریش بن، دواجار دەکرێنە قوربانی پاراستنی بەرژەوەندی و سەقامگیریی دەوڵەتەکان. هێزە پڕۆکسییەکان بەهەموو چەک و توانا و جوڵەیانەوە، درێژکراوەی سیاسەتی نێودەوڵەتین.. ئەوەی ئیدارەی سیاسەتی نێودەوڵەتی دەدات، بەرژەوەندی و باڵانسە! زلهێزەکان لەچوارچێوەی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، تا ئێستاش مامەڵە لەگەڵ دەوڵەت دەکەن.
ئێران لەو پێگەیەدا نیە کە بە تەنها جەنگ رابگەیەنێ؛ کەواتە بە ئەگەرێکی زۆر جەنگ روونادات! ناوچەکە رووەو سەقامگیرییە، بۆ ئەمەش، یەکلاییکردنەوەی ئەو هێزانەی سەر بە بەرەی مقاوەمەن، یان بە گشتی هێزە نادەوڵەتییەکان، هەنگاوی لەپێشینەیە؛ ئەمە کات دەخایەنێ، ئاڵۆزییە سەربازییەکان رەنگە توندتر بنەوە یان درێژە بکێشن، بەڵام ئەوەی کە لە جەنگێکی ئیقلیمی فراواندا سەردەربکەن، ئەگەرێکی دوورە!