وتار

بانگەشەیەکی هێمن و سەرکەوتنێکی پڕ سەدا

شوان عەباس بەدری

ئەرنستۆ چێ گیڤارا ئەفسانەی جەنگی پارتیزانی لە وتەیەکیدا لەبارەی هەژارییەوە دەڵێت، ئەوەی کە وتی هەژاری عەیب نییە، ویستی قسەکەی تەواو بکات و بڵێت، بەڵکوو تاوانە، بەڵام دەوڵەمەندەکان بە چەپڵەکانیان قسەکەیان پێبڕی و نەیانهێشت قسەکەی تەواو بکات.

گەر لەم گۆشەنیگایەی جیڤاراوە بچێنە ناو باسەکەمان و لە ئێستای هەرێمی کوردستان و گوزەرانی دانیشتوانەکەی بڕوانین ئەوا تێدەگەین، ئەو قسەیە پڕاوپڕ خەڵکەکەی هەرێم دەگرێتەوە و لە ئەنجامی هەنگاوە هەڵەکانی لایەنێکی سیاسی باڵا دەستی هەرێم، قەوارەی هەرێمی کوردستان رۆژ بەرۆژ زیاتر دەکەوێتە بەر مەترسی و لە ئەنجامی نەخوێندنەوەی ورد و زانستی بۆ پێشهاتە ناوخۆیی و هەرێمییەکە و تەحەداکردنێکی پڕ لە هەڵەی زلهێزە ناوچەیی و جیهانییەکان، هەرێمی کوردستان لە رووی ئابووری و سیاسییەوە رۆژ بە رۆژ بەرەو دواوە هەنگاو ئەنێت.

هەڵبەت هۆکاری زۆربەی ئەو قەیرانانەی ئێستا بەرۆکی هەریمی کوردستانی گرتووە دەگەرێتەوە بۆ غروری سیاسی تاقمێکی باڵادەست و هەر ئەو تاقمە مەغرورەش بەردەوام لاف و گەزافی خزمەتگوزاری و خەمخۆری لێدەدەن، لە کاتێکدا خۆیان ماوەی چەند ساڵێکە وەک خورە کەوتوونەتە ویزەی قەدە سەرسەوزەکەی ئابووری و سیاسەتی کوردی لە باشووری کوردستان و هەموو دەستکەوتەکانی خەباتی کوردیان بۆ دەستهێنانی ئازادی و چەسپاندنی قییەمەکانی دیموکراسی لە پێناو چەسپاندنی قسەی خۆیان گەیاندۆتە لووتکەی هەرەس و داڕمان.

لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی رابردووشدا، هەر لایەنێک ویستبێتی بڵێ ئەم هەنگاو و غرورە سیاسییەی ئێوە هەرێم بەرەو هەڵدێر دەبات، ئەوا وەک دەوڵەمەندەکانی قسەکەی جیڤارا، یان بە چەپڵە یان بە تۆمەت بەخشینەوە نەیانهێشتووە دەنگە ڕەسەنەکان وەک خۆیان بگەن و سەرکوتکراون.

ڕەنگە تا ئێستا بە خوێندنەوەی ئەم دێرانە هەندێکتان پرسیار لە خۆتان بکەن ئەی چارەسەر چییە؟

وەڵامی ئەم پرسیارەش ئاسانە، بێگومان لە ئێستادا کە دەرفەتێکی مێژوویی هاتۆتە پێشەوە و بڕیاڕە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دوای چەند جار دواخستنی لە ئەنجامدانی، لە ژێر چاودێرییەکی تووندوتۆڵی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عیراق و نوێنەرە ناوخۆیی و جیهانییەکانەوە بەڕێوە بچێت و لە ژێر ڕۆشنایی ڕووداو و پێشهاتەکانی ساڵانی ڕابردوو لە رێگەی سنووقی هەڵبژاردن و دەنگدانەوە کۆتایی بە هەموو ئەو خەمساردییە پڕ لە غرورەی کە بەرامبەر ئێستا و داهاتووی خاک و خەڵک گیراوە بەر بهێنیت.

لە ئێستا کە بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێکردووە و تەئکیدکردنەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سەر بەرێوەچوونی بانگەشەیەکی دوور لە تووندووتیژی پابەند بە یاساکانی کۆمیسیۆن و دوور لە سەرپێچی، باشترین دەرفەت هاتۆتە پێشەوە تا دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بە دەنگەکانیان و لە ڕێگەی هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان، دەنگی ڕاستەقینەی خۆیان بگەیەنن بە گوێی هەموو جیهاندا و بێ ترس بڵێن، ڕاستە ماوەی چەندین ساڵە بە ڕێکاری جیاجیا و گرتنەبەری سیاسەتی برسیکردن و تۆقاندن و تەزویراتی دەنگدان، نائۆمێدیان کردبووین لە ڕاستکردنەوەی ڕێرەوە پڕ لە خواروخێچییەکەی حکومەت و سیاسەتەکانی، بەڵام ئیتر لەم هەڵبژاردنە کاتی ڕاستکردنەوەی ڕێرەوی حکومداری هاتووەو سەرکەوتنێکی پڕ سەدای سەرسەوز بە دەستدەهێنین.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

 
ژمارەی خوێنەر   ‌ 169‌
9/28/2024 12:03:07 PM
زیاتر...
سەعدی ئەحمەد پیرە
محەممەد سۆران
Copyright © All rights reserved.