وتار

چۆن بافڵ تاڵەبانی هێرشە درۆنییەكانی لەزۆنی سەوز كۆنترۆڵكرد؟

ئاوات خەیروڵڵا

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی گرفتە ناوخۆییەكانی  یەكێتی، پارتی و باڵی مەسرور بارزانی بە سود وەرگرتن لەو دۆخە شێواوەی ئەوكاتی یەكێتی، هەروەها بە سود وەرگرتن لە قەیرانی دارایی و بێكاری، بەتایبەت كە سلێمانی رووبەرووی سزای دارایی كردبووەوە، پارتی و بەتایبەت باڵی مەسرور بارزانی دەستیان بە هەڵمەتێكی فراوانكرد بۆ دامەزراندنی تۆڕێكی سیخوری فراوان بۆ دەزگای هەواڵگری توركیا ناوسراو بە (MIT) بۆ بەئامانجگرتنی بەرژەوەندیەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و كوردانی رۆژاڤا و هێزەكانی هەسەدە و تەنانەت یەكێتیش. 

هەوڵەكانی هەواڵگری توركیا گەیشتنە ئاستێك كە ئەو وڵاتە بێ هیچ سانسۆرێك لەرێگەی چەند سیخورێكی كوردەوە پەیوەندیان بە چالاكوان و هاوڵاتییان و رۆژنامەنووسانی كوردەوە دەكرد بۆ ئەوەی كار لەگەڵ هەواڵگریی توركیا بكەن.

بەوهۆیەشەوە لە ساڵانی 2020 بۆ 2023 هەواڵگری توركی بەهاوكاری باڵی مەسرور بارزانی لەرێگەی دامەزراندنی سیخورێكی زۆر دۆخی سلێمانیان بەرەو نا ئارامییەكی زۆر برد، تیرۆری كەسایەتی و چالاكوان و نووسەری نزیك لە قەندیل بووە دیاردە و رۆژانە درۆنی توركی چەندین ئامانجی جیاوازیان لە سنووری قەڵەمڕەوی یەكێتی دەكردە ئامانج، تا كار گەیشتە ئەوەی درۆنی توركی فڕۆكەخانەی سلێمانیش بكات ئامانج كاتێك كاروانێكی ئیدارەی رۆژاڤا و چەند فەرماندەیەكی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە سلێمانیەوە گەشتیان دەكرد بۆ قامیشلۆ، بەڵام هەماهەنگی توركەكان و پارتی بەوەش نەوەستا، تا لە رۆژی 18ی سێپتەمبەر فرۆكەخانەی كشتوكاڵیی عەربەتیان كردە ئامانج و بەهۆیەوە سێ پاڵەوان و ئەندامی هێزەكانی دژەتیرۆری یەكێتی بەناوەكانی ( شەهید ئیڤان، شەهید ڕابەر و شەهید هیوا ) شەهیدبوون، كە ئەمە توڕەیی زۆری یەكێتی و خودی بافڵ تاڵەبانی لێكەوتەوە، تەنانەت لە شاری هەولێر لەكۆنفرانسی مێری بافڵ تاڵەبانی بە ئاشكرا و بێ دودڵیـ، توڕەیی و نیگەرانی خۆی لەهێرشەكانی توركیا دەربڕی و رایگەیاند، كە ئەو ئامادەنییە بڕواتە توركیا لەكاتێكدا توركیا هاوڕێ نزیكەكانی ئەویان تیرۆركردووە، ئەو وتی رۆژانە درۆنی توركی بەسەر ماڵەكەمدا دەرۆن و بەیانیان من سڵاویان لێ دەكەم.

دوای ئەمە سەرۆكی یەكێتی چەند هەنگاوێكی خێرای نا بۆ كۆنترۆڵًكردنی دۆخەكە. 

چۆن یەكێتی و بافڵ تاڵەبانی دۆخەكەی تا ئاستێكی باش كۆنترۆڵكرد؟ 

لەماوەی رابردوودا لەپاڵ راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی لەهەرێمی كوردستان و شكستپێهێنانی چەندین پیلان دژی زۆنی سەوز، هەواڵگری و دەزگا ئەمنییەكانی یەكێتی لەژێر فەرمانی خودی بافڵ تاڵەبانی هەڵمەتێكی دۆزینەوە و بنبڕكردنی سیخورەكانی دەستیپێكرد، توانرا جوڵەی هەواڵگری توركی و سیخورە ناوخۆییەكان تا ئاستێكی بەرز كەمبكرێتەوە كە بەرورد بە ساڵانی پێشتر ٩٠% كەمیكردووە.

بەپێی ئەو  ئامارە فەرمییانەی كە تۆماركراون لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو ئێستا توركیا هەزار و 323 هێرشی دۆرنی لەهەرێمی كوردستان ئەنجامداوە و زۆرینەی هێرشەكانیش لەپارێزگاكانی هەولێر و دهۆك بوون و كەمترینیشی لەسلێمانی بوون كە 126 جار تۆماركراوە، هەرچەندە بەشی زۆری ئەو هێرشانە هاوڵاتیی مەدەنیی كراونەتە ئامانج، بەڵام هۆكاری كەمیی هێرشەكان پەیوەندیی بەو جوڵانەی سەرۆكی یەكێتی هەبووە كە ئازایانە و خێرا هەنگاوی كرداری ئەنجامداوە.

ژمارەی خوێنەر   ‌ 3054‌
9/14/2024 4:42:45 PM
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.