وتار

دەسەڵات و موچە

د. حسێن محەمەد عەزیز

ئایا میری هەرێم، تا ئیستە چەن موچەی هاوڵاتیان قەرزارە؟!

لە نێوان ساڵانی (2015-2024)، گرفتی موچەی موچەخۆرانی هەرێم سەریهەڵداوە. واتە ماوەی (9-10) ساڵ دەبێ، ئەم دەسەڵاتە بێ بەزەیی و بێ سەرەوبەرەی هەریم نەیتوانیوە، ئەو کێشە گرنگە چارەسەرکا، بەڵکوو ڕۆڵەکانی گەلی کورد بە گشتی و موچەخۆران بە تایبەتی ڕوتاندووەتەوە، دەمێ بە ناوی بێ پارەیی و دەمێکیش، بە ناوی پاشەکەوتەوە، کاسە ڕەقە بێسەروبەرەکەی هەلی کارکردن، کەموکوڕی دەسەڵاتەکەیان، لە سەری موچەخۆرانی هەرێمدا شکاندووە. هێندێ جار، چەن مانگێ موچەیان نەداوە، هێندێ جاری دیکەش، پچڕپچڕ و بە پاشەکەوتەوە موچەیان داوە.

با بزانین، لە ئەو ساڵانەوە تا ئێستە، چەن موچەیان حەپەلووشکردووە و چەندیشیان، بە کەموکوڕی دابەشکردووە. 

ساڵی (2015) گرفتە گەورەکە دەسیپێکردووە و تەنیا (8) جار مووچەیان داوە و (4) موچەشیان خواردووە.

ساڵی (2016)، سیستێمی پاشەکەوتیان داهێناوە و (12) مانگ موچەیان داوە.

ساڵی (2017)، بە پاشەکەوت (11) موچە دراوە و یەک موچەش خوراوە.

ساڵی (2018)، هەروەک ساڵی (2017) وابووە.

ساڵی (2019)، هەموو ساڵەکە موچە وەک خۆی دراوە.

ساڵی (2020)، دیسانەوە گرفتەکە سەریهەڵداوەتەوە، (8) موچە خوراوە و (4) موچەش بە پاشەکەوت دراوە.

ساڵی (2021)، موچە نیوەبەنیوە بووە، (6) موچە بە پاشەکەوت و (6) موچەش نەدراوە.

ساڵی (2022)، هەمووی وەک خۆی دراوە.

ساڵی (2023)، دیسان گۆڕاوەتەوە، (9) موچە دراوە و (3) موچەش نەدراوە.

ساڵی (2024)، تا مانگی (6-7)، هەمووی وەک خۆی دراوە. بەڵام تا ئێستە مانگی (8)، هیچی دیار نییە.

واتە لە ئەم ماوەیەدا (2015-2023)، بە ئەم شێوەیە بووە:

(41) موچە بەتەواویی دراوە.

(44) موچە بە پاشەکەوت بووە.

(23) موچەش بەتەواویی خوراوە و تا ئێستەش، هیچ دیار نییە و سەری تێدا چووە.

جا با هەر موچەخۆرێ، حسابی موچەکەی خۆی بکا، تا بزانێ، لە ئەو ماوەیەدا، چەن موچەی وەرگرتووە و چەن موچەشی وەرنەگرتووە، واتە چەن میلیۆن دیناری لەکیسچووە. ئەویش جگە لە پارەی پاشەکەوت، بە ئەوە دەبێ: ئەوەی بە تەواوی نەدراوە (23 x موچەکەی خۆی بکا). بۆ نموونە: گەر یەکێ موچەکەی (1) میلیۆن دینار بێ، ئەوا (23) میلیۆن دیناری لەکیسچووە.

تێبینی: بۆ دابەشکردنی موچە لە ئەو (9) ساڵەدا، کەڵک لە خشتەی (ژیان) وەرگیراوە.


ژمارەی خوێنەر   ‌ 1079‌
9/9/2024 12:09:42 PM
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.