وتار

حەشدی شەعبی و جەیشی تورکی و حزبی کوردی

لەتیف فاتیح فەرەج

ئەوەی هێزەکەی حەشدی شەعبی بەبێ ڕێکەوتنی پێش وەخت و بۆ داگیر کردنی بیرە نەوتەکەی لای دێی سەید مەدری ناوچەی زەنگاباد گرتیە بەر، پەیامی زۆری تیابوو ، قسە هەیە لەبەغدا کۆمپانیایەکی ئیماراتی ڕێکەوتنی لەسەر دەرهێنانی نەوت و گاز لەو شوێنە واژو کردبێت، دەی دیارە خەڵکی دیکەش پشکی گەرەک، حیزبی کوردی لەمەشدا لەبری بەئاوەز بیرکردنەوە کەوتنە سیناریۆ داتاشین و میدیای فریودەریان خستەگەڕ بۆ ئەوەی درۆو ڕاستی تێکەڵ بکەن و لەلایەکی تریشەوە سەرنج لەسەر عەیب و عاری گەورە تر لابەرن، ئەوەی ئەمڕۆ میدیای حزبی بەئامانج کردی، تا ئێستا دڵۆپێکی ئەوەی بۆ ئەو داگیرکاریەی تورکیا نەکردوە، ئەوەش ئەو پەڕی نائاوەزی و نا ئاکاریە.

ئەگەر حەشدی دیالە کەلەتارمیەی بەغداوە هاتبوون بیانویەکیان ئەوە بێت کەئەوان هێزی چەکداری دیالەن عێراقین، کەئەوەش ناکرێت  پاساوی بۆ بهێنرێتەوەو حەشد وەک میلیشیای چەکدار پێشێلکاری کردوە، لێ پاساو بۆ هاتنی جەیشی تورکی چیە، کەهەر ئەمڕۆ هەرچی نەشیاوە کردویەتی لەسنوری گوندەکانی بادینان.

ئەمڕۆ دەرکەوت میدیای حزبی و حزبی کوردی پێویستیان بە پەروەردەی ئاکارە، کێشە ئەوە بوو هەندێک دەیانویست، خەڵک بەکوشت بچێت،ئەوانە لەبری ئەو بانگەشەی شەڕە هەزاران نەما م داریان لەو هەردە کاکی بەکاکیە لێدابا باشتر نەبوو، ماڵئاوا ئەو خوێنی کوردە بۆ هێندە هەرزانە حیزب و میدیاکارو ئەفەندی گرەو لەسەر بەفیڕۆ دانی دەکەن.

حەشد کشانەوە دووجاری تریش هاتون و کشاونەتەوە، جاری دیکەش دێنەوە، ئەوان هەموو جار شڕو شیتاڵی حیزبی کوردی و میدیای کوردیان زیاتر بۆ دەردەکەوێت، لێ سوپای تورکیا نەک نەکشاوەتەوە، وەک خاوەنی ناوچەکە مامەڵە دەکات، کەسیش نیە لەوێندەر پێیان بڵێت پشتی چاوتان برۆیە، حیزبی کوردیش هەر ئێستا خەریکی سازاندنی سیانریۆی نوێی یەکتر شکاندنە، کورد هێشتا سەردەمی شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی جێ نەهێشتووە.

ژمارەی خوێنەر   ‌ 714‌
8/26/2024 3:22:23 PM
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.