وتار

سەری پڕمان ناوێت سمتی خڕمان ئەوێت!

حسێن عەلی شەریف

ئەگەر بەو وەهمە فریوت خواردوە کە ئێرە، زەوی ئازادکراو و خاکی سەربەخۆ و حوکمی خۆماڵی هەیە، ئەوە چارەنوست لەوە باشتر نابێت، کە لە شەقامێکی شاردا بەر دەستڕێژی فیشەکت بدەن!

ئەگەر بەو شیعاراتانە فریوت خواردوە کە ئێرە بەشێکە لە نیشتیمانی گەورە و كورد حوکمی ئەکات، ئەوە حەتمەن چارنوست هەرئەوە ئەبێت، کە درۆنێک لە ڕێگایەکی سەرەکیدا بتسوتێنێت!

مەیەن بۆ ئێرە، ئەگەر سەرتان پڕە لە خەمی نیشتیمان، مەیەن بۆ ئێرە ئەگەر سنگتان پڕە لە دوکەڵی خەمی نەتەوە، مەیەن بۆ ئێرە ئەگەر چاوتان لە ئازادییە و بیرتان لە نیشتیمان!

لێرە میوان ڕاناگیرێت، ئێمە خۆمان خاوەنی ماڵنین هەتا فەرموو لە کەس بکەین، لێرە کەسمان مافی فەرمومان نییە لە میوان، ئەگەر ئەو میوانە برا و خوشکیشمانبێت!

ئەگەر سەرت بەتاڵە و سنگت پڕە و سمتت خڕە و خەمت تەنها خەمی گیرفانە، ئەوە فەرموو، ئەم بستە خاکە باشترین جێگایەکە کە لە ڕۆژ و شەوێکدا ببیتە خاوەنی ڤیلا و ئۆتۆمبیلی مۆدیل بەرز!

ئەگەر مێشکت پڕە لە بیری ئازادی و لە تاو نادپەروەری و زوڵمی دوژمن هەڵاتویت، ئەوە نەکەی بە ئێرەدا گوزەربکەیت، خۆ ئەگەر سەرت تەنها بەندی گەعدەی تیایە، ئەگەر بەباڵای پیاوە قەزەمەكانماندا هەڵئەدەیت، ئەگەر ئەبیتە بوکەڵەیەک بۆ تێرکردنی سەرکردە شەهوانییەکانمان، ئەگەر ئەبیتە کەپڵی کوڕە بەرپرسێکمان، فەرمو وەرە، ئێرە ئەو بەهەشتەیە کە تۆ ئەتەوێت، ئێرە ئەو فەزایەیە کە تۆی تیا ئەبیتە پاڵەوانی شاشە!

مەیەن تکایە مەیەن، بڕۆنە ئەنقەرە و دیمەشق و تاران، لەوێ دەنگ هەڵبڕن، هیچنەبێت لەوێ شانسێک هەیە بۆ ژیان و ئەتوانن لە کونجی زیندانەکانی دوژمندا وانەیەک پێشکەش بکەن، بەڵام هەر کە پێتان نایە ئێرە زۆر بەئاسانی تیرۆرتان ئەکەن!

ئامان نەکەن فریو بخۆن بەوەی کە ئەم خاکە ڕزگارکراوە، باوەڕبکەن ئەم خاکە لە کاتی ژێردەستەیی بێگانەدا زیاتر کوردایەتی پیادە ئەکرد هەتا ئەمڕۆ، باوەڕبکەن غیرەتی تاکی ئەم بەشەی نیشتیمان لەکاتی ژێردەستەییدا بونی هەبوو نەک ئێستا.

ئەم نیشتیمانە جاران تەنها داگیرکەرێک داگیری کردبوو، بەڵام ئێستا هەر بستێکی بەدەست مناڵە وردکەی بەرپرسێکەوەیە، بەهەوەسی خۆی لەشفرۆشی تیا تاوئەدات و بەسەر هەرچی و پەرچیدا دابەشی ئەکات.

ئەم نیشتیتمانە ئێستا لە ناو دوکەڵی درۆی کوردایەتیدا خنکاوە، ئێستا داگیرکەرێکی خۆماڵی وای بەسەر هێناوە کە ئیتر داگیرکەری دەرەکی پێویستی بەوەنییە کە داگیری بکات.

مەیەن بۆ ئێرە ئامان، ئێرە دوو بەشە، بەشێکی سەر بە شوعبەی میتە و بەشەکەی تری سەر بە قەرارگەی ڕەمەزان، کۆمەڵێک نمایشکەری سێرکیش بە جلی کوردییەوە کە موچەخۆری ئەو دوو دەزگان، حوکمی ئەکەن!

ئەمە ڕاستییەوە جگە لەوانەی کە نانی نامەردی ئەخۆن هەمو کەس ئەیزانێت!

ئاو بێرە و دەست بشۆ، ئەمە حەقیقەتە تاڵەكەیە!

ژمارەی خوێنەر   ‌ 70‌
8/24/2024 11:41:13 PM
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.