هەواڵ

پێشینەی هاوسەرگیری بە هاوڵاتیان دەدرێت


ئاژانسی نها: ژووری هەواڵ

قەرزێکی 5 ملیۆن دینار وەك پێشینەی هاوسەرگیری دەدرێت بە هاووڵاتیان و مەرجەکانی پێدانی ئەو پێشینەیەش ئاشكرا دەکرێت، ئەندامێکی لیژنەی داراییش لە پەرلەمانی عێراق ئەوە ئاشكرادەکات کە هاوڵاتیانی هەرێم دەگرێتەوە یاخود نا.

ئەمڕۆ چوارشەممە 20/3/2019، بانكی (نەهرین)ی ئیسلامی، كە بانكێكی حكوومییە، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد کە قەرزێکی 5 ملیۆن دیناری وەك پێشینەی هاوسەرگیری بە هاووڵاتیان دەدەن و ماوەی دانەوەی قەرزەکەش 3 ساڵە و 10%ەش وەک سودی قەرزەكەش دەبێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، کە دەبێت فەرمانبەرێک ببێتە بریکار (کەفیلی) وەرگری پێشینەکەی و بەومەرجەی ئەو فەرمانبەرە بڕی مووچەکەی لە 500 هەزار دینار کەمتر نەبێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش ڕوونکراوەتەوە، کە تەمەنی داواکار نابێت لە 18 ساڵ كه‌متر بێت و گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیریی و به‌ڵگه‌نامه‌ی فه‌رمی و پێویستیشی پێشکەش بکات.

لەبارەی ئەوەی ئەو قەرزە هاوڵاتیانی هەرێم دەگرێتەوە یاخود نا، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی نها-ی ڕاگەیاند "لە ڕابردوودا هەموو جۆرە قەرزێک بۆ هاوڵاتیانی هەرێم لەلایەن حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی ڕابردووی عێراق ڕاگیراوە، بۆیە ئەو قەرزە هاوڵاتیانی هەرێم ناگرێتەوە".

وتیشی " لەو پرسانەدا حکومەتی هەرێم هاوکاری بەغدا نەبووە و متمانەیەکی تەواو لە نێوان بەغدا و هەرێم نییە، تاوەکو ئەو قەرز و پیشینانە بدرێتە هاوڵاتیانی هەرێم و حکومەت هیچ گرەنتییەکیان ناکات".
2019-03-20
زیاتر...