سێ ھەزار پارچە زەوی تاپۆ دەکرێت
ئاژانسی نھا: ژووری ھەواڵ
سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر ڕایدەگەیەنێت کە بڕیاردراوە بە تاپۆکردنی زیاتر لە سێ ھەزار پارچە زەویی کارت لەسەر خاوەنەکانیان.
سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر ڕاگەیەندراوێکی بڵاکردووەتەوە و ئاشکرایکردووە" ئێمە ھەردەم لە خزمەتکردنی ھاووڵاتیانی شاری ھەولێر بەردەوامین ، ئەمڕۆ بەخۆشحاڵیەوە لەدرێژەی کار و چالاکییەکانمان تایبەت بە پڕۆسەی گۆڕینی کارت بۆ سەنەد قۆناغێکی تر لە تەواوبوونی کارەکانمان ڕادەگەیەنین بۆ بەشێک لە جیاکراوەکانی کەرتی کەڕک یەک ،کە سێ ھەزار و ٢٠٩ پارچە زەوی لەخۆ دەگرێت".
ئاماژە بەوەشکراوە " ھەر ھاووڵاتییەک خاوەن زەوی بێت لە چوارچێوەی ئەم ژمارانەی کە ڕادەگەیەندرێت لە جیاکراوەکانی کەڕک یەک ، دەتوانن سەردانی سەرۆکایەتی شارەوانیی ھەولێر بکەن بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان بە پێی یاسا و ڕێنماییەکان".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش ھاتووە "ھاووڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە کە سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر بەردەوام دەبێ بۆ ئەوەی کارتەکانی گشت کەرت و جیاکراوەکانی تری سنووری سەرۆکایەتییەکە بکرێتە وێنەی تۆماری ھەمیشەیی".
|