هەواڵ

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گەیشتە شاری سلێمانی

ئاژانسی نھا: ژووری ھەواڵ

وەفدێکی باڵای عیراق بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، گەیشتە شاری سلێمانی و لەلایەن قوباد تاڵەبانی و لاھور شێخ جەنگی و فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عیراق پێشوازیان لێکرا
 
لەو بارەیەوە حەسەن ئاڵی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی نھا-ی ڕاگەیاند "کاتژمێر ٦ی ئێوارەی ئەمڕۆ  محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە یاوەری ژمارەیەک لەپەرلەمانتارانی پێکھاتەی عەرەب، گەیشتنە شاری سلێمانی".

وتیشی " محەمەد حەلبوسی و وەفدەکەی یاوەری، لەلایەن قوباد تاڵەبانی و لاھور شێخ جەنگی و فراکسیۆنی یەکێتییەوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی  پێشوازیان لێکرا".

حەسەن ئاڵی ئاماژەی بەوەشکرد "بەگشتی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردییەوە سەردانی  شاری سلێمانیان کردووە و بەشداری لە یادەکەدا دەکەن".

ئەوەشی ئاشکراکرد " سبەینێ محەمەد حەلبوسی و ھاوڕێیانی سەردانی بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق دەکەن و پاشنیوەڕۆی ھەمان ڕۆژ پێکەوە بە شاری سلێمانیدا دەگەڕێن و لەناو ھاوڵاتیاندا دەبن و بەشداری ئاھەنگی نەورۆز دەکەن".




2019-03-19
زیاتر...