هەواڵ

مەحمود عوسمان: ھیچ پۆستێکی کابینەی نوێی حکومەت بۆ ھیچ لایەنێک ھێڵی سوور نیە

ئاژانسی نھا: ژووری ھەواڵ

سیاسەتمەداری کورد مەحمود عوسمان پێیوایە پێویستە پارتی و یەکێتی و گۆڕان کۆبوونەوەی سێ قۆڵی ئەنجام بدەن بۆ دابەشکردنی پۆستەکان و ھێڵی سوریش بۆ ھیچ پۆستێک دانەنرێت.

سەبارەت بە دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی نوێی حکومەت، د. مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد بە ئاژانسی نھا-ی ڕاگەیاند " بەپێی ئەوانەی من دەیزانم پارتی و یەکێتی ھەر دەگەنە ڕێکەوتن، بەڵام کاتی دەوێت و کاتەکەش زۆر تێپەڕیوە و پێویستە بەزووترین کات بگەنە ڕێکەوتن و حکومەتی نوێ پێکبھێنرێت".

مەحمود عوسمان ئاماژەی بەوەشکرد " پێویستە ھەرسێ لایەنی سەرەکی پێکھێنەیری حکومەت کە پارتی و یەکێتی و گۆڕان-ن کۆبوونەوەی سێ قۆڵی ئەنجام بدەن و ھەرکەس ھەر پۆستێکی دەوێت و دەتوانێت بەڕێوەی ببات داوای بکات و بیدەنێ، نەوەک ئەنجامدانی کۆبوونەوەی دوو قۆڵی و بەجیا".

سیاسەتمەدارەکەی کورد جەختیشیکردەوە " ناکرێت ھیچ پۆستێکیش ھێڵی سوری لەسەر دابنرێت و لایەنێک بۆ خۆی دانابێت و بڵێت ھێڵی سورە، ئەگەر دەیانەوێت ڕێکبکەون و حکومەت پێکبھێنن پێویستە سازش بۆ یەکتر بکەن".

ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم سەبارەت بە دابەشکردنی پۆستەکانی حکومەتی نوێ یەکێتی و پارتی کۆبوونەوە و نەگەیشتنە ھیچ ئەنجامێک.

2019-03-19
زیاتر...