هەواڵ

ئاسایشی ھەولێر دەستگیرکردنی باندێکی گەورەی دزیکردنی ڕاگەیاند کە خۆیان بە کارمەندی ئاسایش ناساندووە

ئاژانسی نھا: ژووری ھەواڵ

ئاسایشی ھەولێر باندێکی پێنج کەسیی تاوانیان دەستگیرکرد کە ھەزاران گرام زێڕ و ٧ ئۆتۆمبێل و دەیان ھەزار دۆلاریان دزیوە.
 
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی ئاسایشی ھەولێر، ئاماژە بەوە دراوە "لە درێژەی چالاکییەکانی تیمەکانی بەدواداچوون و چاودێریی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان، توانیویانە باندێکی تاوانکاریی پێنج کەسی دەستگیر بکەن".
 
ئەوەش ڕوون کراوەتەوە "باندەکە لە ماوەی ڕابردوودا ٢٠ تاوانی دزی و ڕێگریکردن و ھەڵکوتانە سەر ماڵانیان ئەنجام داوە و تێیدا (٦ ھەزار و ٨٣٠ گرام زێڕ، ٧ ئۆتۆمبێل، ٩ ھەزار و ٤٠٠ دۆلار، ٤١ مۆبایل، ٣ ماتۆرسکیل و چەندان کەلوپەلی دیکە)یان دزیوە".
 
ئەوەش خراوەتەڕوو "باندەکە لە ھەندێک لەو تاوانانەدا خۆیان بە ناوی کارمەندی ئاسایش ناساندووە و دوای دەستگیرکردنیشیان دەرکەوتووە کە ھیچ پەیوەندییەکیان بە ئاسایشەوە نییە".
 
لە ڕاگەیاندراوەکەی ئاسایشی ھەولێردا ئەوەش ھاتووە "تاوانبارەکان لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە و بەپێی ماددە ٤٤٣ی یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت".
 

2019-03-19
زیاتر...