ھەسەدە: تەواوی کامپی باغۆزی دوا پێگەی داعش لە سوریا کۆنتڕۆڵکرا
ئاژانسی نھا: ژووری ھەواڵ
ھێزەکانی سوریای دیموکرات "ھەسەدە" کۆنترۆڵکردنی تەواوی کامپی باغۆزی دوا پێگەی داعشیان لە نزیک سنوری ھاوبەشی عێراق و سوریا ڕاگەیاند.
لێپرسراوی ڕاگەیاندنی ھەسەدە ڕایگەیاند، "ھێزەکانیان بە تەواوی کۆنترۆڵی کامپی باغۆزیان کردووە، کە چەکدارانی داعش خۆیان تێدا قایم کردبوو".
ئاماژەی بەوەش کردووە، "ھێشتا ئۆپراسیۆنەکە کۆتایی نەھاتووە و ژمارەیەک لە چەکدارانی داعش لە ناوچەیەکی بچووکی کەناری ڕووباری فورات ماون و خۆیان نەداوە بەدەستەوە".
ئەوەشی خستووەتەڕوو " ھێشتا نازانن ئەو ژمارە چەکدارەی داعش بەرگری دەکەن یان خۆیان ڕادەستی ھێزەکانیان دەکەن".
لێپرسراوی ڕاگەیاندنی ھەسەدە ئەوەشی ئاشکراکرد، "بە سەدان چەکداری داعش، کە زۆربەیان بریندارن، لەکاتی کۆنترۆڵی کامپەکەدا دەستبەسەرکراون و گوێزراونەتەوە بۆ پارێزگای حەسەکە لە باکوری ڕۆژھەڵاتی سوریا".
|