راپۆرت

شاسوار عەبدولواحید دژی ھەموو لایەنە کوردیەکانە و بانگەشەی پێکەوە ژیانیش دەکات

ئاژانسی نھا: ژووری ھەواڵ

شاسوار عەبدولواحید دیداری پێکەوە ژیان ڕێکدەخات و باس لەوە دەکات پێکەوە ژیان بە ڕق و کینە دروست نابێت، بەڵام بە چەپ و ڕاست لە میدیاکەیەوە کەوتووەتە وێزەی سەرجەم حزبەکانی دیکە و سەرجەمیانی زەڕبی سفر کردووە و ئاژاوە دەنێتەوە.

ئەمڕۆ ٢//٢/٢٠١٩ شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جولانەوەی نەوەی نوێ لە میانەی بەشداریکردن لە دیداری پێکەوەژیان و کاریگەری لەسەر گەشەسەندنی کۆمەڵگە وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، پێکەوەژیان بە ڕق و کینە دروست نابێت، و خاڵی جیاوازمان ھەیە بەڵام نابێت ببێتە ھۆی تێکدانی پێکەوەژیان، قسەکانی شاسوار عەبدولواحید لە کاتێکدایە لە سەرەتای دامەزراندنی نەوەی نوێوە بە چەپ و ڕاست کەوتووەتە رەخنە بارانکردن و تۆمەت ھەڵبەستن بۆ سەرجەم لایەنەکانی دیکەی ھەرێم بە دەسەڵات و ئۆپۆسزیۆنەوە و تەڕ و وشک پێکەوە دەسوتێنێت و خەریکی ئاژاوە نانەوەیە.

شاسوار عەبدولواحید ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە بیرکردنەوەی خۆمان بگۆڕین و ئەگەر باوەڕمان بە پێکەوەژیان نەبێت ململانێ و شەڕ و ئاژاوە دروست دەبێت، بەڵام خۆی و جوڵانەوەکەی سەرجەم لایەنەکانی دیکەی ھەرێم ڕەتدەکەنەوە و جگە لە خۆیان ھیچ لایەنێکی دیکەیان قبوڵ نیە و لە ھەموو پرسێکدا قسەی تایبەت بە خۆیان ھەیە ئەگەر ھیچ پەیوەندی بەوانیشەوە نەبێت، کورد وتەنی " لە ھەموو قاپێکدا کەوچکن"، وەک ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا باسیان لە کۆبوونەوەیەکی نێوان پارتی و یەکگرتوو کردبوو، یەکگرتووش بە تووندی وەڵامی دانەوە.

شاسوار لە دیدارەکەدا وتیشی "پێویستمان بە پێکەوەژیانی ئایینی و سیاسی ھەیە، و ئەوەی ئێستا پێکەوەژیانی تێکداوە عەقڵییەتی حزبییە و ناکرێت بۆچوونی خۆمان بەزۆر بسەپێنین" ، کەچی لەماوەی رابردوودا ڕەتیکردووەتەوە لەگەڵ ھیچ حزبێکی دیکەی ھەرێم دابنیشن و گفتۆگۆ بکەن و ئەوانەشی لەگەڵ یەکێتی و پارتیدا دادەنیشن و کۆدەبنەوە بە پاشکۆی ئەو دوو حزبە ناوی بردن، ئەگەرچی ئەو حزبانەی دیکەش دەنگدەری تایبەتی خۆیان ھەیە و پێویستە ڕێزیان لێبگیرێت.

شاسوار عەبدولواحید لە کاتێکدا باس لەوە دەکات کە نابێت ڕق و کینە ببێتە ھۆی تێکدانی پێکەوە ژیان، بەڵام لەگەڵ کۆتایی ھاتنی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا ڕایگەیاند لەگەڵ ھیچ لایەنێکی کوردیدا گفتوگۆ ناکەن لە بەغدا و پەیوەندیان بە ھیچ فراکسیۆنێکی کوردیەوە نابێت، بە پێچەوانەی سەرجەم لایەنە کوردیەکانی دیکەوە کە ئەگەر لە پرسێکیشدا ناکۆک بووبن، بەڵام  بەردەوام لە پرسە نیشتیمانیەکاندا ھاوھەڵوێست بوون لە بەغدا.

لە سەرەتای دروستبوونی نەوەی نوێوە و ماوە ماوە شاسوار و تاقمەکەی دەستدەکەن بە خەڵک کۆکردنەوە و سیمینار ڕێکخستن، جارێک باسی گەندەڵی دەکات و خۆی بە گەندەڵی و فرت و فێڵ پارەی لە چەند ھەزار کەس وەرگرتووە بۆ پڕۆژەی چاڤیلاند و وا خەریکە پڕۆژەکەی بەرەو داخستن دەڕوات، بەڵام تاوەکو ئێستاش ئەو کەسانە چاوەڕوانی قازانجی پڕۆژەکەن، جارێک باسی پێکەوە ژیان دەکات و  کەچی جگە لە خۆیان ھیچ لایەنێکیان قبوڵ نیە و ئامادەی گفتوگۆ نین لەگەڵ ھیچ لایەنێکی دیکەدا.

گۆڕانکاری لە قسەکانی شاسوار عەبدولواحید   لە کاتێکدایە زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی و لایەنەکانی دیکە باس لەوە دەکەن کە نەوەی نوێ و سەرۆکەکەی "بەکرێگیراوی" لایەنێکی دیکەن و بە شێوەیەی خۆیان دەیانەوێت ئاڕاستەی دەکەن.

لەو بارەیەوە ئەحمەد قەدەفەری، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی ھەڵەبجەی یەکێتیی نیشتمانیی بۆ نھا وتی " پێموانیە نەوەی نوێ خاوەنی خۆی بێت و لایەنێکی دیکە ئاڕاستەی دەکات بە ئارەزووی خۆی و ئەوە حزب نیە تاقمێکی کاتیە و زوو دەپوکێتەوە".

ھەر لەو بارەیەوە خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان لە ماوەی ڕابردوودا لە لێدوانێکی تایبەت بە ئاژانسی نھا وتی " شاسوار کەسێکی بازرگان و دەستبڕە و  بەکرێگیراوی لایەنێکی دیکەیە و بۆ لێدان لە بەرژەوەندیەکانی گۆڕان دروستکراوە و دڵنیاشبن ڕۆژێک ئەوە ئاشکرا دەبێت".

 

2019-02-02
زیاتر...
123