راپۆرت

30 ساڵ بەسەر راگرتنی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران تێدەپەڕێت

ئاژانسی نها: ژووری هەواڵ

ئەمرۆ 8-8-2018 سی ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر جەنگی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران و كۆتاییەكەی بەوەستانی جەنگ هات و جگە لە كوژرانی ملیۆنێك مرۆڤ لەهەردوولا، هیچ ئاسەوارێكی باشەی لەدوای خۆی بەجێنەهێشت.

سەرەتای دروستبوونی جەنگەكە:

لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولی ساڵی 1980 بەبیانووی جۆراو جۆر، عێراق چەندین هێرشی كردە سەر كۆماری ئیسلامی ئێران، لەناویاندا وەرگرتنەوەی ئەو بەشەی لە بەرامبەر دەست بەردانی ئێران لەشۆڕشی كورد لە ساڵی 1974 دابووی بە تاران، هەروەها بۆردوومانكردن و سنوور بەزاندنی ئێران بۆ ناو خاكی عێراق و هەوڵی تیرۆركردنی تاریق عەزیز بیانووەكانی رژێمی سەدام حسێن بوو بۆ ئەوەی شەڕەكە دروستبكات، شەڕەكە لەلایەن عێراقەوە بەقادسییەی سەدام و لەلایەن ئێران بە بەرگری پیرۆز ناسێنرابوو.

سەرەتای شەڕەكە عێراق هێزێكی بێشووماری بەكارهێنا بۆ ئەوەی حكوومەتی  تاران ناچار بەدانوستاندن بكات و ئەو بەشەی شەتولعەرەبی رادەست بكاتەوە، ئێرانیش بەرگرییەكانی دەست پێكردو دژە هێرشەكان بەردەوامییان هەبوو.

جەنگی هەشت ساڵەی عێراق – ئێران بەخوێناویترین جەنگی كەنداو لە سەدەی رابردوو ئەژمار دەكرێت بەجۆرێك لەهەردوولا ملیۆنێك مرۆڤ بوونە قوربانی، دەر ئەنجامی ئەو جەنگەش بە كۆبوونەوە لەسەر مێزی دانوستان كۆتایی هات و تا ئێستاش ئاسەواری ئەو جەنگە بە سیمای خێزانی قوربانییەكانەوە بەدیار دەكەوێت.

رەهەندێكی دیكەی شەڕەكە بۆ مەترسییەكانی رژێمی عێراق لە شیعەكان دەگەڕێنرایەوە، چونكە لەهزری سەدام حسێن ئەوە چەكەرەی كردبوو شیعە لەخواروی دەسەلاتدارێتییەكەی هەیمەنەیان هەیە و مەترسی شۆرشی كاسێتی لەسەر دەسەڵاتەكەی لەلایەن شیعەكانەوە هەست پێكردبوو. 

ماوەی دوو ساڵ عێراق بەهاوكاری ژمارەیەكی زۆر لەوڵاتانی عەرەبی و رۆژئاوایی هێرشەكانی بۆ سەر ئێران نەوەستاند و بەقوڵایی زیاتر لە دە كیلۆمەترەوە چووە ناو خاكی ئێرانەوە، هۆكاری ئەم بەهێزییەی سوپای عێراق بۆ نا یەكڕیزی سوپای پاسداران چونكە كەمتر لە دووساڵ بوو شۆرشی كاسێت لەئێران سەركەوتبوو بەسەر رژێمی شادا ئەوەش هۆكاری سەرەكی بوو، دوای دوو ساڵ تێپەڕین بەسەر شەڕەكەدا ئێران سوپاكەی رێكسختەوە و عێراق كەوتە حاڵەتی بەرگریكردنەوە.

خواردنەوەی جامی ژەهر لەلایەن خومەینییەوە

لەمیانەی دەستپێكردنی شەڕەكە، دەیان وڵات هەوڵی راگرتنی شەڕەكەیاندا،بەڵام سودی نەبوو و ئێران- نەیدەویست ئەو بەشەی شەتولعەرەب رادەستی عێراق بكات و سەدامیش بوغرایی سە-ركەوتن لەهزریدا بوو بەهاوكاری وڵاتانی یارمەتیدەر.

لەرێكەوتی 8-8-1988 ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە بڕیاری ژمارە 598 حكوومەتی تارانی ناچار بە ئاگربەست كرد و ئایەتوڵڵا خومینی لەمیانەی وتارێكیدا بۆ ئێرانییەكان ئەو ئاگربەستەی بە خواردنەوەی جامێك ژەهر ناساند.

ئەمرۆ 30 ساڵ تێدەپەرێت بەسەر ئەو جەنگە ماڵوێرانكەرەی بووە هۆی زیاتر لە یەك ملیۆن سەرباز و هاوڵاتی بە منداڵ و پیر و گەنجەوە ببنە قوربانی و دواجار مێزی گفتوگۆ و گوشاری نێودەوڵەتی شەڕەكەی وەستاند و پەرۆشی بۆ گەڕانەوەی قوربانییەكان بە سیمایی كەس و كاریانەوە دیارە.






 

 

2018-08-08
زیاتر...
123