راپۆرت

دەرئەنجامەكانی ریفراندۆم ساڵێك دوای ئەنجامدانی

ئاژانسی نها: ئاریا رەشاد

 ئەمڕۆ ساڵێك تێپەڕدەبێت بەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستاندا كە لە رۆژی 25ی ئەیلول ئەنجامدرا ، ئەوكات هاوڵاتیان بە گروتینەوە بەشداری ریفراندۆمیان كرد و پێیان وابوو بەڵێنی مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان كە باسی لەوە دەكرد ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی كوردستانە و جیابوونەوەیە لە عێراق جدیە و زۆرك لە هاولاتیانی هەرێم نەیانتوانی لەبەردەم جۆرە پرسیارێكی وەهادا بڵێن نەخێر، بەڵام دوای 20 رۆژ لە ئەنجامدانی ریفراندۆم كوردستان رووبەڕوی بارودۆخێی نەخوازراو بووە و بووە هۆی لە دەستدانی نیوەی خاكی كوردستان و تێكچوونی زیاتری پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد، چاودێرێكی سیاسیش دەڵێت" بەهۆی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ڕووی دیبلۆماسیەوە لەگەڵ دنیایی دەرەوەدا زەرەر و زیانێكی زۆری كرد".

مەسعود عبدوخالق چاودێری سیاسی لەبارەی ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە بە ئاژانسی نها-ی راگەیاند" پێویستبوو سەركردایەتی كورد لەو كاتەدا نامەكەی تلەرسنی وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئەمریكای قبوڵ بكردایە ئەو كات بارودۆخەكە بەوشێوەیەی لێنەدەهات لە داخستنی سنورەكان و فرۆكەخانەكان و هەروەها لەدەستدانی نیوەی خاكی هەرێمی كوردستان ".

ئەنجامدانی ریفراندۆم بووە هۆی داخستنی سنورەكانی هەرێمی كوردستان و تێكچوونی پەیوەندیەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران و توركیا بە جۆرێك وڵاتی ئێران سنورەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان داخست و وڵاتی توركیا فرۆكەخانەكانی بەڕووی هەرێمی كوردستاندا داخست  و تاكو  ئێستا فرۆكەخانەی سلێمانی گەشتی لەگەڵ وڵاتی توركیا دەستپێنەكردۆتەوە لە تازەترین بڕیاریشیدا حكومەتی توركیا گەمارۆی سەر فرۆكەخانەی سلێمانی بۆ ماوەی سێ مانگ درێژكردەوە.

عەتا سەراوی ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە ئاژانسی نها-ی راگەیاند" بەهۆی ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە بێ متمانەیەكی زۆر لە نێوان حوكمەتی هەرێم و هێزە عێراقیەكان دروستبووە و بووە هۆی لەدەستدانی ناوچە جێناكۆكەكان".
وتیشی" كورد كارتێكی گرنگی لەدەستچوو نەدەبوو حیزبە كوردیەكان بەقسەی پارتی بكەن چونكە زەمینە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆ لەبار نەبوو".

هەر زوو ئەمریكا لە زاری هێزەرت نوێرتەوە ئەنجامی ریفراندۆمی رەتكردەوە و پشتیوانی خۆی بۆ یەك پارچەی خاكی عێراق دوپاتكردەوە.

نزیكەی 20 رۆژ دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم هێزەكانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی دەستی بەسەر ناوچە جێناكۆكەكاندا گرت كە ئەو كات هێزەكانی پیشمەرگە لەو ناوچانە بوونیان هەبوو و پارێزگاریان لێدەكرد بەڵام دوای هاتنی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بووە هۆی بارودۆخێكی ناسەقامگیر لەو ناوچانە بە جۆرێك لە تازاترین هەوڵی حوكمەتی عێراقدا هەوڵی ئەوە دەدات لە ناوچە كورد نشینەكاندا خوێندن بكرێتە زمانی عەرەبی، هەروەها لەزۆر ناوچەدا بەهۆی نەشارەزای حەشدی شەعبی لە ناوچەكەدا و نەبوونی هەماهەنگی لەگەڵ خەڵكی ناوچەكە بووە هۆی گەشەكردنی چەكدارانی داعش زۆر گوندی ئەو ناوچانەش لە ترسی هەرەشەكانی داعش چۆڵكراون.

هەروەها كورد تا ئێستا پۆستی پارێزگاری كەركوكی وەرنەگرتۆتەوە (راكان سەعید) بە وەكالەت پۆستی پارێزگاری كەركوكی وەرگرتووە  و هەروەها ناوچەی شەنگال و زومار هەموو ناوچە جێناكۆكەكانی تری لەدەستچوو و نەخشەی كوردستان گەڕایەوە بۆ نەخشەی ساڵی 1991.

عەلی كەریمی چاودێری سیاسی و روناكبیر بە ئاژانسی نها-ی راگەیاند" كورد لە رووی دیپلۆماسی و دنیای دەرەوە بەهۆی ئەنجامدانی ریفراندۆ زەرەر و زیانێكی زۆری كرد ، داخستنی فرۆكەخانەكان و وە نەمانی هەماهەنگی لەگەڵ حوكمەتی عێراقدا و بووە هەوێنی 16ی ئۆكتۆبەر ، كورد بووە قوربانی عینادی سەرۆكی ئەو كاتی هەرێمی كوردستان".

ئەمە لە كاتێكدایە پارتی دیموكراتی كوردستان كە ساڵێك پێش ئێستا دروشمی جیابوونەوەی عێراقی بەرز كردبۆوە ، بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا كرد و لە ئێستاشدا كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق هەیە.

2018-09-25
زیاتر...
123