لە بەغداوە ھێرشی توند دەکرێتەسەر پارتی
ئاژانسی نھا: ژووری ھەواڵ
سەرکردەیەکی ڕەوتی حیکمە بە زمانێکی زبر ھێرش دەکاتە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان، دوای ئەوەی بەرپرسێکی بەرپرسێکی پارتی ڕایەگەیاندبوو، ڕەوتی حیکمە و حزبی دەعوە پلانیان بۆ خستنی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەھدی داناوە.
سەلاح عەرباوی سەرکردە لە ڕەوتی حیکمە لە تویتێکیدا بە ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی ڕایگەیاندووە، "ئێوە ڕێککەوتنەکەتان لەگەڵ حکومەتی عەبدولمەھدی جێبەجێبکەن و نەوت بدەنە دەستی".
ئەو سەرکردەیەی ڕەوتی حیکمە بە ھۆشیار زێباری دەڵێت "پێش ئەوەی خۆت بکەیتە پارێزەری حکومەتەکەی عەبدولمەھدی، ڕۆژانە بڕی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی خەزێنەی حکومەتەکەی بکە و داھاتەکەی مەخەنە گیرفانی حزبەکەتانەوە".
ئەم وتانە لە دوای ئەوە دێت ھۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و وەزیری پێشووی دارایی عێراق لە تویتێکیدا ھۆشداری دابوو لە جوڵەیەکی نھێنی نێوان ڕەوتی حیکمە و حزبی دەعوە بۆ ڕووخانی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەھدی.
|