هەواڵ

لە کۆبوونەوەیەکدا کۆمەڵ بڕیاریدا ئەمساڵ کۆنگرە ببەستێت

ئاژانسی نھا: ژووری ھەواڵ

لە کۆبوونەوەیەکی گشتیدا کۆمەڵی ئیسلامی بڕیاریدا لەمساڵدا کۆنگرەی چوارەمی حزبەکەی ببەستێت، بەڵام لەبارەی بەشداریکردن لە حکومەتدا ھیچ بڕیارێکیان نەدا.

ماڵپەڕی تایبەتی عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆبوونەوەی گشتیی کۆمەڵی ئیسلامیدا پرسی بەستنی کۆنگرەی چوارەمی حزبەکە و شێواز و وادەکەی تاوتوێکراوە .

ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا پاش ھەڵسەنگاندنی بارودۆخی ناوچەکە و ئەگەر و پێشھاتەکان ‌و بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵ، بڕیاردراوە لەمساڵدا کۆنگرەی چوارەمی حزبەکە ببەسترێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو، بڕیاردرا لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیدا لیژنە تایبەتەکان پێکبھێنرێن ‌و، پاش تەواوبوونی کارەکانیش ڕۆژی بەستنی کۆنگرەکە دیاریبکرێت.

سەبارەت بە بڕیاری بەشداریکردن لە حکومەت یاخود، ئەندامێکی سەرکردایەتی ئەو حزبە بە ئاژانسی نھا-ی ڕاگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بڕیاردان بۆ بەشداریکردن لە حکومەت یاخود ئۆپۆزسیۆن بوون نەکراوە".

ئاماژەی بەوەشدا، پەلە ناکەن لە بڕیاردان و چاوەڕوان دەبن تا بزانن دۆخی پێکھێنانی حکومەت بەکوێ دەگات.

٣٠ی ئایاری ٢٠١٥ کۆنگرەی سێیەمی کۆمەڵی ئیسلامی کرا و تێیدا عەلی باپیر وەک ئەمیری کۆمەڵ ھەڵبژێردرایەوە.

2019-04-17
زیاتر...