هەواڵ

داوا دەکرێت لێپێچینەوە لە وەزیرێکی پارتی بکرێت

ئاژانسی نھا: ژووری ھەواڵ

ئەندامێکی فراکسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بەھۆی دەوامنەکردنی وەزیری دارایی عێراقەوە چەندین مامەڵەی ھاوڵاتیان و موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم وەستاوە و پێویستە لەسەر ئەو بابەتە لێپێچینەوە لە فوئاد حسێن وەزیری دارایی عێراق بکرێت.

لە بەیاننامەیەکدا سەرکەوت شەمسەدین, ڕایگەیاند بەھۆی گەشتی دەرەوە و دەوامنەکردنی وەزیری دارایی عێراق فوئاد حسێن (کە کاندیدی خودی مەسعود بارزانییە) سەدان مامەڵەی ھاوڵاتیان و موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم وموچەی وەزارەتی پێشمەرگە و موچەی کارمەندانی گرێبەست دواکەوتوە و دۆخی بازار و ئابوری عێراق و ھەرێمی کوردستان زیانی زۆری بەرکەوتوە روبەروی ناجێگیری بووەتەوە".

 ئاماژەی بەوەشکردووە، زیاتر لە دوو ھەفتەشە لیژنەی دارایی و لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق چاوەڕوانی گەڕانەوەی فوئاد حسێن دەکەن کە میوانداری کراوە بۆ رونکردنەوەی چەندین گرفت و پرسی دارایی بەڵام بە بیانوی بەشداریکردن لە کۆبونەوەی بانکی نێودەوڵەتی سەرجەم کارە گرنگەکانی ئەو وەزارەتە راگیراوە.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا شەمسەدین وتوویەتی "ھەفتەی پێشوو پەیوەندیم بە ئۆفیسەکەی کرد سەبارەت بە کیتابێکی بەدواداچوون، بەڵام ڕایانگەیاند کە وەزیر داوایکردوە ھیچ کەس لەبری ئەو واژو نەکات و سەرجەم مامەڵەکانی ڕاگرتووە."

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا سەرکەوت شەمسەدین ئاماژەی بەوەکردووە، بۆ ئەم ھەڵوێستانەی پێویستە لە لایەن سەرۆکایەتی پەرلەمان لێپرسینەوە لەگەڵ فوئاد حسێن بکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە عەلی حەمە ساڵح سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دوێنێ ئاشکرایکرد، وەزیری دارایی عێراق لە شاری لەندەنە بۆیە ناردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دواکەوتووە.

2019-04-17
زیاتر...