هەواڵ

گۆڕان، پارتی بە ھۆکاری کێشەکە دەزانێت

ئاژانسی نھا: ژووری ھەواڵ

بزووتنەوەی گۆڕان دوا ھەڵوێستی لەسەر پۆستی جێگری سەرۆکی ھەرێم ڕادەگەیەنێت و پارتیش بە ھۆکاری سەرەکی کێشەکە دەزانێت.

شاخەوان ڕەوف بەگ، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بە ئاژانسی نھا-ی ڕاگەیاند: "ڕێکەوتنێکمان ھەیە لەگەڵ پارتی دیموکرات  و بەپێی ڕێکەوتنەکە سەرۆکی ھەرێم یەک جێگری ھەیە و دراوە بە بزووتنەوەی گۆڕان".

وتیشی : " لە دوای ئەو ڕێکەوتنە برادەرانی پارتی چوون ڕێکەوتنێکیان لەگەڵ یەکێتی کردووە و جێگرێکیان بۆ سەرۆکی ھەرێم زیاد کردووە، وەک بزووتنەوەی گۆڕان ئەوە قبوڵ ناکەین و ئەوە پەشیمان بوونەوەیە لە ڕێکەوتن".

ئاماژەی بەوەشکرد، بە مەرجێک دەستبەرداری پۆستی جێگری سەرۆکی ھەرێم دەبن، پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە یاخود ناوخۆیان پێبدرێت.

 بەپێی ڕێککەوتنی پارتی و گۆڕان کە لە ١٨ی شوباتی ٢٠١٩ واژۆکرا، سەرۆکی ھەرێم یەک جێگری ھەیە و دراوە بە گۆڕان، بەڵام دواتر ڕۆژی ٣ی نیسانی ٢٠١٩، پارتی و یەکێتی ڕێککەوتنیان لەبارەی پشکی یەکێتی لە پۆستەکانی حکومەتی نوێی ھەرێم کرد و بەپێی ڕێککەوتنەکەش، جێگرێک بۆ سەرۆکی ھەرێم زیادکراوە و دراوە بە یەکێتی ئەمەش بووەتە دروستبوونی کێشە و یەکێتی و گۆڕان پارتی بە ھۆکاری کێشەکە دەزانن و ئاماژە بەوەدەکەن، دوو ڕێکەوتنی جیای لەگەڵ ئەو دوو لایەنەدا کردووە.

2019-04-14
زیاتر...