هەواڵ

پاڵاوگە نایاساییەکانی ھەرێم دادەخرێن

ئاژانسی نھا: ژووری ھەواڵ

پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی عێراق لە لیژنەی نەوت و گاز رایگەیاند، حکومەتی عێراق بەشێوەیەکی فەرمی حکومەتی ھەرێمی ئاگادار کردوەتەوە سەرجەم پاڵێوگە نایاساییەکانی ھەرێم دابخات.

غالب محەمەد، ئەندامی لیژنەی نەوت‌و وزە لەپەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی نھا-ی رایگەیاند، " ھەرچەندە پێشتر چەندین پاڵاوگەی نایاسایی لە ھەرێم داخراوە، بەڵام ھێشتا سەرجەمیان دانەخراون چونکە زیاتر لە ٢٠٠ پاڵاوگەی نایاسایی لە ھەرێم ھەبووە و پێویستە سەرجەمیان دابخرێن".

وتیشی " من خۆم چەند جارێک داوام لە حکومەتی ھەرێم کردووە ئەو پاڵاوگانە دابخرێت، بەڵام گوێیان بۆ نەگرتووم بەھۆی ئەوەی ئەو پاڵاوگانە سودی بەرپرسانی ھەرێمی تێدایە، لە ماوەی ڕابردووشدا سێ جار نوسراوم ئاڕاستەی حکومەتی عێراق کردووە کە ئەو پاڵاوگە نایاساییانە دابخات".

غالب محەمەد وتیشی " بوونی ئەو پاڵاوگانە کاریگەری خراپ دەکاتەسەر ژینگە و پیسبوونی ئاو و ھەوای ئەو ناوچانە".

ئاماژەی بەوەشدا " ھەروەھا لەو پاڵاوگانەدا نەوتی دزراو دەپاڵێورێت و کاری نایاسایی تێدا دەکرێت، ئەمە جگە لەوەی زۆرینەی سوتەمەنی کوالێتی خراپ لەو پاڵاوگانەدا تێکەڵ دەکرێت و دەستکاری دەکرێت و ماددەی دیکەی تێکەڵ دەکرێت، ئەمەشە بووەتە ھۆی ئەوەی سوتەمەنی لە پارێزگاکانی ھەرێم بەوشێوەیە کوالێتی نزم بێت".

جەختیشیکردەوە " من کاتێک لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بووم بەردەوام ھەوڵمداوە ئەو پاڵاوگە نایاساییانە دابخرێن، ئێستاش لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەردەوام دەبم لەو ھەوڵانەم".

 



2019-03-14
زیاتر...