هەواڵ

داوا دەکرێت کورد بەیەک لیست بەشداری ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکات

ئاژانسی نھا: ژووری ھەواڵ

فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغداد، داوای رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم دەکەن بۆ بەشداریی لە پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق.

فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغداد کۆبوونەوە و لەراگەیەندراوێکی ھاوبەشدا داوایان لە لایەنە کوردستانییەکان کردووە ھاوھەڵوێستبن لەسەر بەشدارییان لە پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

لەو بارەیەوە حەسەن ئاڵی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی نھا-ی ڕاگەیاند " لە کۆبوونەوەکەدا داواکرا حزبە کوردستانییەکان لە موسڵ و سەڵاحەدین و دیالە، بەتایبەتیش لە کەرکوک بە یەک لیست بەشداری ئەو ھەڵبژاردنە بکەن".

وتیشی " بەڵام ھەندێک لایەن ئەوەیان پێباش نەبوو و ڕەتیانکردەوە و ڕایانگەیاند دۆخی کەرکوک جیاوازە لە ناوچەکانی دیکە".

وتیشی "فڕاکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغداد رێککەوتووین لەسەر ئەوەی لە سەردانەکانمان بۆ ناوچە جێناکۆکەکان، بەیەک تیم بچین و ھیچ فراکسیۆنێک بەبێ بەشداری نوێنەری فراکسیۆنەکانی تر سەردانی ئەو ناوچانە نەکەن کە ماددەی ١٤٠ دەیانگرێتەوە".

جەختیشیکردەوە " جەختمانکردووەتەوە لەکاتی پەیوەندی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکانی تر، ھەماھەنگیی لەنێوان فراکسیۆنەکان ھەبێت، بۆئەوەی پێگەی کورد لە بەغداد بەھێز بێت".

2019-03-14
زیاتر...