راپۆرت

ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی: گۆڕان و هاوپەیمانی لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندان


ئاژانسی نها-  ئاوات خەیروڵا 

لەگەڵ نزیك بوونەوەی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لە ئێستادا لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان قسەی جیاواز لەبارەی ئەنجامدان و دواخستنی  ئەوهەڵبژاردنە دەكەنەوە، ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دەڵێت ، زۆربەی لایەنەكان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندان.

فازڵ بەشارەتی ئەندامی سەركردایەتی پارتی بە ئاژانسی نهای راگەیاند "هەمولایەنەكان لەگفتوگۆدان و جگە لەپارتی  سورە  لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن، لایەنەكانی دیكە لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنەكاندان".

ئاماژەی بەوەشكرد "پێویستە هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆی ئەنجام بدرێت ،دواخستنیشی زیان بەپرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت،بەهۆی ئەوەی گۆڕانكاری گەورە و نوێ لەناوچەكەدا هەیە و  ئەوباردۆخەی كەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە".

جەختی لەوەشكردەوە "ئەولایەنانە بەهۆی دڵنیانەبون لەدەنگدەرانیان و ناتەبایی لەناوخۆیاندا دەیانەوێت هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت و هیچ بەرنامەیەكیشیان نییە 
كە بلێن  هەڵبژاردن دواخرێت لەچی وادەیەك ئەنجام بدرێت باشترە".

وتیشی "پێشتر ئەولایانەنانە رەخنەیان لەدرێژكردنەوەی ماوەی كاركردنی پەرلەمان دەگرت كەچی ئێستا دەیانەوێت هەڵبژاردن دوابخرێت  كەپێچەوانەی هەڵوێستەكانی ڕابردوی خۆیانە".

بەشارەتی دەشڵێت، بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی ولایەنەئیسلامییەكان و هاوپەیمانی لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنەكانن كەچی ناوێرن بەئاشكرا بڵێن پێویستە هەڵبژاردنەكان بادوابخرێت. 

هاوكات سەعدی پیرە وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە ئاژانسی نهای راگەیاند،ئەولایەنانەی بەدەنگی بەرز داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەكەن ئەوانە لەپێش لایەنەكانی دیكەوە حەز بەدواخستنی  هەڵبژاردن دەكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد" یەكێتی نیشتیمانی لیستی پێشكەش بە كۆمسیۆن كردوە و  هەمو ئامادەسازییەكی  كردوە بۆهەڵبژاردن.

وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی جەختی لەوەشكردەوە "ئەگەر بێت ولایەنەكان داوای دواخستنی هەڵبژاردنیان كرد ئەوا یەكێتی لەدژی نابێت".

لەبارەی ئەنجامدانی سێ هەڵبژاردن لە ماوەی حەوت مانگدا  كە تاچەند كارێكی تەندروستە سەعدی پیرە پێی وایە،پێویستە بیر لەوە بكرێتەوە كە ئایە گونجاوە دوو هەڵبژاردن لەماوەیەكی كورتدا ئەنجام بردێت  یاخود پێویستە یەكێك لەهەڵبژاردنەكان لەگەڵ یەكتریدا بن بەدواخستن یاخود پێش خستنی. 

لای خۆشیەوە محمد تۆفیق ڕەحیم ،ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لەلێَدوانێكدا بە ئاژانسی نهای وت "بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا نیە و دەیەوێت لەكاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت". 

ئاماژەی بەوەشكرد" قسەی پەرلەمانتارانی حزبەكەی  یاخود هەر سەركردەیەكی گۆڕان بۆچونی فەرمی بزوتنەوەكە نییە و بۆچونی تایبەتی خۆیەتی، چونكە تا ئێستا گۆڕان بەفەرمی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە لە 30ی مانگی ئاییندەدا". 

وتەكانی ئەو سەركردەی گۆڕان لەكاتێكدایە پێشتر بەهار مەحمودپەرلەمانتاری گۆڕان رایگەیاندبوو لەگەڵ  دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانین". 
هاوكات لەلایەكی دیكەوە، كۆمسیۆنی راپرسی و هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكردبوو  كۆمسیۆن بەردەوامە لە ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە مانگی ئاییندەدا و تائێستاش بەفەرمی هیچ قسەیەكیان لەبارەی  دواخستنی هەڵبژاردنەكان نەكردوە.

2018-08-06
زیاتر...
123