راپۆرت

نها بەڵگەی كارە ژێربەژێرەكانی شاسوار عەبدولواحید بڵاودەكاتەوە

ئاژانسی نها: راپۆڕت

بەپێی ئەو نوسراوە فەرمیانەی دەست ئاژانسی نها كەوتووە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و بازرگان چەندین كاری نایاسایی و پرۆژەی ئەنجامداوە ، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین جار سەرۆكایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی داوای لە سەرۆكایەتی شارەوانی كردووە رێكاری یاسایی بگرنە بەر  بەلام بێ وەڵام بووە.

شاسوار عەبدولواحید لە رێگەی ماكینە راگەیەندنەكەیەوە زۆركات لایەنەكانی دیكە بە كاری ژێربەژێر تۆمەتبار دەكات بەڵام خودی خۆی چەندین كاری ژێربەژێری لە رابردوودا لە رێگەی كۆمپانیا و پرۆژەكانیەوە ئەنجامداوە.

لای خۆیەوە خەلیل سەركانی ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە ئاژانسی نها-ی راگەیاند" نەوەی نوێ و سەرۆكەكەی راست و چەپ بەسەر هەموو لایەنەكاندا دێنن و باسی كاری ژێربەژێر دەكات بەڵام بە شاسوار بێت پێمان بڵێت بە یارمەتی کێ پارەی نۆ ھەزار خێزانی خواردووە و لە دادگا ڕزگاری بووە، کێ زەوی چاڤیلاند و سەرجەم پڕۆژەکانی دیکەی پێداوە".

ئەوەی لێرەدا پرسیارە بێدەنگی دادگا و شارەوانی سلێمانی و داواكاری گشتی و دەستەی نەزاهەیە بەرامبەر ئەو كارە نایاساییەنەی سەرۆكی شاسوار عەبدولواحید ئەنجامیداوە.

دەمێک ساڵە کورد وتویەتی ئەوەی ماڵی لە شوشە بێت حەق نیە بەرد بگرێتە ماڵی خەڵک، بەڵام وادیارە شاسوار عەبدولواحیدی خاوەنی کۆمپانیای نالیا کە لەپڕ وەک بازرگان و وەبەرهێنێکی هەڵتۆقیو دەرکەوت و ئێستاش بووەتە سیاسەتمەدارێکی ئینتەرناشناڵ نەک هەرخۆی لەکارە ژێربەژێرەکانی خۆی بێ ئاگا و بێگوێ کردووە بەڵکو لەسەر بنەمای (چاکترین چەکی بەرگریکردن هێرشبردنە) کەوتووەتە پەلاماردانی یەکێتی و حکومەت و هەرشەوە و چیرۆک و سیناریۆیەک وەک ژەهر دەڕێژێتە نێو کۆمەڵگەوە

شاسوار لە ڕێگەی مەکینە ڕاگەیاندنەکەیەوە هەمیشە دەستەواژەی کاری ژێربەژێر بەکاردەهینێت و گوێی خەڵکی پێ ئاخنیوە، بەڵام ئەی دەبێت چ وەڵامێکی هەبێت بۆ ئەو بەڵگانەی کە لەسەر کارە ژیربەژێر و نایاساییەکانی کۆمپانیاکەی و پڕۆژە بازرگانیەکانیەوە هەیە، بۆیە هاوڵاتیانی خۆشەویست سەرنج بدەن و ببینن شاسوار عەبدولواحیدیی تازە هەلتۆقیو بە چ فرت و فێڵ و ساختەکاری و کارێکی ژێربەژێرانە بووەتە خاوەنی ئەو پارچە زەویانەوە کە پڕۆژەی چاڤیلاندی لەسەر دروستکراوە. لە خاڵی پێنجی نوسراوێکی فەرمانگەی وردبینی پارێزگای سلێمانی کە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی کراوە ئەوە هاتووە کە، سەبارەت بە پارچە زەوی ژمار ١٢ی کەرتی یەکی دەباشان کە تەرخانکراوە بۆ پڕۆژەی گەشتیاری چاڤیلاند دەستەکەمان بە چەندین یاداشت داوای بەرایی و ئیتیفاکردنی کوژاندنەوەی ئەو موڵکەی کردووە کە بۆمان ئامادە بکەن، بەڵام تا ئێستا بۆتان ئامادە نەکردووین. لە هەمانکاتدا هاوڵاتیەک کە مافی بەکارهێنانی هەبووە لەبەرامبەر ئەو موڵکەدا قەرەبوو کراوەتەوە بە ڕووبەری پێنج هەزار ٣٨٨ مەتر چوارگۆشە، ئەمە بەڵگەیەکە کە گەندەڵی و کارە نایاساییەکانی شاسوار عەبدولواحید دەسەلمێنێت.

هەروەها لە نوسراوێکی دیکەی فەرمانگەی وردبینی پارێزگای سلێمانی کە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی کراوەو تایبەتە بە پڕۆژەی چاڤیلاند و لە خاڵی یەکەمدا هاتووە،بۆمان دەستنیشان بکەن کە لەسەر چی بنەمایەک وەبەرهین و خاوەنی کۆمپانیای نالیا پێشوەخت و بەر لە دەستپێکردنی مامەڵەکردن بۆ بنیادنانی پڕۆژەی گەشتیاری چاڤیلاند زانیاری تەواوی لابووە کە لە بناری شاخی گۆیژە (١١٢،١١٤،١٣٩،١٦٨،١٧٩) زەوی بەتاڵن و گونجاوە بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژە گەشتیاریەی لەسەر بنیاد بنرێت، لە کاتێکدا ژمارەی ئەو زەویانە و سورەت قەیدەکانیان نهێنیە، ئەمەش بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە لەسەر ئەوەی شاسوار عەبدولواحید، هەموو کارەکانی بە ژێربەژێر و نایاسایی کردووە بە پێچەوانەی ئەو هاش و هوشە مرۆڤگەرا و دادپەروەرانەی لە مەکینە ڕاگەیەندنەکەیەوە بڵاوی دەکاتەوە

. لە خاڵی دووەمی هەمان نوسراوی فەرمانگەی وردبینی سلێمانیدا کە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی کراوە ئاماژە بەوەکراوە، دۆسیەی تەملیکردنی ئەو زەویانە نوسراوەکانی لیژنەی لیکۆڵینەوەی تێدا نیە، هەروەها داواکراوە هەموو نوسراوە سەرەتایی ئەولەویەتی و تەملیک کردنی ئەو زەویانە و ئەنجامەکانی لیژنەی لیکۆڵینەوە ئاڕاستەی فەرمانگەی ناوبراو بکرێت. بەم پێیە تەنها خودا و شاسواری دادپەروەر خواز دەزانن ئەو زەویانە چۆن تەملیک کراون و بڕیار و ئەنجامەکانی لیژنەی لیکۆڵینەوە چیان بەسەرهاتووە.


لە نوسراوێکی دیکەی فەرمانگەی وردبینی پارێزگای سلێمانیدا کە ئاڕاستەی بەڕێوەبەری گشتی پارێزگای سلێمانی کراوە، داواکراوە کە وەڵامی ئەو نوسراوەیان بدرێتەوە کە لەسەر زەویەکانی چاڤیلاند داوایان کردووە، بەڵام بێ وەڵام بوون، لەو نوسراوانەدا هاتوون، بۆ هەمان ناوەڕۆکی یاداشتی ژمارە چوارمان کە ئاماژەمان پێکردووە هەر لە سەرەتاوە بۆ دووەم جار بە یاداشتمان ژمارە پێنج لە ٢٧/٢/٢٠١٨ داوامان لە لێپرسراوی بەشی شارەوانی کردووە کە وەڵامی ناوەڕۆکی ئەو یاداشتەمان بدەنەوە کە بە بڕیاری ئەنجومەنی شارەوانی ژمارە ٩٨٠ لە ٣٠/٦/٢٠١٠دا کە ١٥ پارچە زەوی لە کەرتی (١٣٩م.د) تەرخانکراوە بۆ پڕۆژەی گەشتیاری چاڤیلاند، بەڵام تا ئێستا وەڵامی ناوەڕۆکی ئەو یاداشتەش نەدراوەتەوە. هەموو ئەمانە زنجیرەیەکی یەک لەدوای یەکن لەو کارە ژێربەژێرانەی شاسوار عەبدولواحید لە پڕۆژە بازرگانیەکانیدا ئەنجامیداون و پێشێلی یاسا و ڕێکارە یاساییەکانی کردووە، بەڵام ئێستا دەیەوێت خۆی وەک ڕزگارکەری مرۆڤایەتی نیشان بدات و باس لە سەروەری یاسا و گەڕانەوەی ماف بۆ خاوەن ماف و گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ دامەزراوە حکومیەکان دەکات، باشتر وایە شاسوار خۆی یەکەم کەس بێت کە ئەو کارە بکات و واز لە کاری ژیربەژێری نایاسایی بهێنێت ئینجا هەمان داوا لە کەسانیتر بکات.

لە هەمان چوارچێوەدا دەستەی چاودێری دارایی سلێمانی داوایەکی ئاڕاستەی سەرۆکی شارەوانی سلێمانی کردووە بۆ پێدانی زانیاری و ناردنی نوسراوە و سەرەتایی و ئەلەویاتەکان لەسەر سنوری پڕۆژەی چاڤیلاند و تەملیک کردنی، چونکە هیج ئەولەویەتێکی نیە. لە نوسراوەکەی چاودێری داراییدا هاتووە، "بەپێی فەرمانی وەزارەتی شارەوانی ژمارە ٦٦٦ لە ٢١/٨/٢٠١٦ لیژنەیەک پێکهێنراوە بەمەستی ڕووپێوکردنی سنوری ئێستای سنوری چاڤی گەشتیاری بەپێی ڕاستی ئێستا و هەڵگرتنەوەی سەرجەم دامەزراوە و دروستکراوەکانی ناو پڕۆژەکە و بەراوردکردنی بەو ڕووبەرانەی لەسەر کۆمپانیاکە تەملیک کراوە، پاش پرسیار کردنی ئاگاداری دەستەکەمان کرایەوە کە ئەم کارە ئەنجامنەدراوە و کارەکە دراوە بە دوو کۆمپانیا، تکایە بەراییەکانی ئەو کارە خەێتە بەردەستمان". ئایا کەسێک هەر لە سەرەتاوە بەو جۆرە نایاسایی و ژێربەژێرانە پڕۆژەکانی دەستپێکردبێت، ئاخۆ چۆن دەتوانێت و بوێری ئەوەی دەبێت بانگەشەی دادپەروەری و چاکسازی و سەروەرێتی یاسا بکات. بێگومان هەموو ئەم کارانەش لە ڕێگەی دانی بەرتیل و ڕەشوە و پارە و شتیترەوە بووە، چونکە خۆشی باش دەزانێت ئەگەر مەرجە یاساییەکانی بە تەواوەتی لەسەر پڕۆژەکانی شاسوار جێبەجێبکرێت، ئەوا نەک پڕۆژەکانی لێوەردەگیرێتەوە بەڵکو، پیدەچێت سزای توندیش بدرێت.


2019-01-21
زیاتر...
123