راپۆرت

نها چەند بەڵگەیەك لەسەر كارە نایاساییەكانی شاسوار عەبدولواحید بڵاودەكاتەوە


ئاژانسی نها: راپۆڕت

شاسوار عەبدولواحید و جوڵانەوەكەی بانگەشەی دادپەروەری دەكەن بەڵام بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ئاژانسی نها كەوتووە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا شاسوار چەندین پێشێلكاری و زیادەڕەوی ئەنجامداوە ، چەدین جاریش
سەرۆكایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی داوای لە سەرۆكایەتی شارەوانی كردووە رێكاری یاسایی بگرنە بەر .


بۆ ئەوەی تەواوی كارە نایاسایی و ژێربەژێر و ساختەكاری و داگیركاریەكانی شاسوار عەبدولواحیدی تازە هەڵتۆقیوی نێو بواری بازرگانی و نێو پۆلەتیكمانی نێو پرۆسەی سیاسی كوردستان تیچبگەین ئەوا پێویستمان بە نوسەری كتێبی هەزار و یەك شەوە دەبێت چەنكە هەر كارێكی بگریت یاخود نوسراوێكی تەماشا بكەیت و هەر گرێبەستێكی هەڵبسەنگێنین ئەوا دەیان سەرپێچی یاسایی و دارایی و كارگێڕی تێدا دەدۆزیتەوە كە بە بەرتیل و رەشوە و كاری ژێر بە ژێر بە ڕێی كردوون .

ئەمڕۆ تەنها باس لە چۆنییەتی داگیركردنی ئەو موڵكانە دەكەین كە شاسواری بە ناو سیاسی و بە ناو بازرگان بە ناوی پرۆژەی گەشتیاری چاڤیلاندەوە بانگەشەی بۆ دەكرد و لە راستیشدا بەشێك بوون لەو پرۆژە بازرگانییەی سەدان كەسی پیچ لە خشتە برد و نەك قازانجی پێنەدان بەڵكو پارەكەی بۆ كردن بە خەرجی ئەو ڤێلا و شوقانەی وەك بەرتیل و رەشوە لە پێناو رایی كردنی كارە نایاسایی و ژێر بە ژێرەكانیدا دایدان بەم و بەو .

لە نوسراوێكی فەرمانگەی ورد بینی پارێزگای سلێمانی كە ئاراستەی سەرۆكی شارەوانی سلێمانی كراوە داوادەكرێت وردەكاری چۆنیەتی داگیركردنی شەقامی بەردەم پرۆژەی گەشتیاری چاڤیلاند روون بكرێتەوە و لە نوسراوەكەدا هاتووە دەبێت ئەو هەموو بەربەست و رێگریانە لە شوێن كاری ئەو پرۆژەیەدا لاببرێن بۆ ئەوەی شەقامەكە جێبەجێبكرێت و ئەمەش ئاماژەیەكی ئاشكرایە بۆ ئەوەی شاسوار بەناو خەمخۆری ئەم شارە لە پێناو بەرژەوەندی خۆیدا چۆن شەقامە سەرەكییەكانی بۆ خزمەتی پرۆژەكەی داگیركردووە.

لە هەمان نوسراودا سەرۆكایەتی شارەوانی ئاگاداركراوەتەوە لەوەی ئەو ناوچەیە دەبێت پارێزراو بێت و هیچ پرۆژەیەكی تێدا نەكرێت بەڵام بە تەواوی ئەو شوێنە هەموو دارەكانی بڕاونەتەوە و كابینەیان لەسەر دروستكراوە .

بەهۆی نەبوونی بەڵگە و دۆكۆمێنتی یاسایی پێویست و زانیاری تەواو لەسەر رووبەری رێگەپێدراو بۆ پرۆژەی گەشتیاری چاڤیلاند بوونی گومان لەسەر ئەگەری دەستكاری كردنی ئەو روبەرەی رەزامەندی لەسەر دەربڕاوە یان دەسكاری نەخشە و ماستەر پلانەكەی كراوە ، جێگری سەرۆكی دەستەی چاودێری دارایی نوسراوێكی ئاراستەی سەرۆكی شارەوانی سلێمانی كردووە تیایدا هاتووە  ، چەندین یاری نوێ لەسەر موڵكەكان دروستكراون بەبێ رەزامەندی و مەڵتی سەرۆكایەتی شارەوانی لە كاتێكدا ئەو زەویانە بە پێی پلانی پەسەندكراوی پرۆژەكە چالاكی زەویەكانی روبەری سەوزای و درەختە .


سەرۆكایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی داوای لە سەرۆكایەتی شارەوانی كردووە رێكاری یاسایی بگرنە بەر لەگەڵ هەر زیادە رەویەكدا كە وەبەرهێنەر بەبێ رەزامەندی ئەنجامی داوە .

هەر سەبارەت بە ساختەكاری و كارە ژێر بە ژێرەكانی شاسوار عەبدولواحید لە رۆژی 18ی هەشتی 2015 سەرۆكی ئەنجومەنی ئەو كاتی پارێزگای سلێمانی داوایكردووە لیژنەیەك لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی و بەرێوەبەری گشتی وەبەرهێنان و سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی پێكبهێندرێت بۆ لێكۆڵینەوە لە كارە نایاساییانەی شاسوار عەبدولواحید كردویەتی بە كەمكردنەوە و گۆڕینی شەقامی سەد مەتری لە نێو پرۆژەی چاڤیلاند بۆ شەقامێكی سی مەتری

ئەوەی باسی لێوە كرا مشتێكە لەو خەروارەی شاسوار عەبدولواحید بە نایاسایی بە ئەنجامی گەیاندووە.

ئەوەی لێرەدا پرسیارە بێدەنگی دادگا و شارەوانی سلێمانی و داواكاری گشتی و دەستەی نەزاهەیە بەرامبەر ئەو كارە نایاساییەنەی سەرۆكی شاسوار عەبدولواحید ئەنجامیداوە.


2019-01-07
زیاتر...
123