راپۆرت

دیوی دووهەمی رووداوەكەی 16ی ئۆكتۆبەر

ئاژانسی نها: تایبەت

ساڵێك لەمەوبەر، كەركوك چۆڵكرا، پارتی دیموكراتی كوردستان بە خیانەتی نیشتیمانی دەزانێت و یەكێتیش دەڵێت سەروەرییەكی مێژوویمان تۆماركرد، بەڵام دیوی دووەمی ئەو رووداوە پەیوەستە بە دوو كێڵگەی نەوتی گرنگی ئەو ناوچەیەوە، ئەوانیش بای حەسەن و هاڤانایە، هەردوو كێڵگە نەوتییەكە لەژێر دەسەڵات و هەیمەنەی پارتی هێنرانە دەرەوە و ئێستا حكومەتی عێراق سەرپەرشتیان دەكات.

عێراق بەرنامەیەكی جەهەنەمی دانابوو
بەپێی وتەی بەرپرسی یەكەی حەفتای هێزی پێشمەرگەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، ئەگەر ئەو رۆژە شەڕ بەرامبەر بە حكومەتی عێراق بكرایە كەركووك لەموسڵ خراپتری لێدەهات.

شێخ جەعفەر فەرماندەی هێزەكانی 70 بە ئاژانسی نها-ی راگەیاند  "عێراق بەرنامەیەكی جەهەنەمی دانابوو بۆ ئەوەی پێش هێزەكانی پێشمەرگە لە كەركوك و ناوچەكانی دەوروبەری  بەرگری بكات و  بە هەموو تواناو هێزێكیەوە هەوڵ بدات بە توندی بۆمببارانی بكات، چۆن موسڵ وێران كرا بەو شێوەیە كەركوكیش وێران بكات و بتوانێت ئەو شارە كاول بكات، لە شەڕێكی گەورەدا بتوانێ كورد لە شاری كەركوك دەربكات".

زیاتر ئاماژە بەوەدەكات ئێمە پێمان وابوو ئەگەر شەڕ بكرایە كەركوك ئێستا لە موسڵ خراپتری بەسەر هاتبوو.

دەشڵێت، سەبارەت بە بەرنامەو پلان هیچ جۆرە بەرنامەیەك نەبووە لە نێوان هەرێمی كوردستان و سەركردایەتی یان هێزێكی سیاسی لە گەڵ عێراق بۆ رێكەوتن لەسەر ئەو بابەتە ، هەموو كەسێكیش دەزانێت هێزی پێشمەرگە لەسەنگەردا بوون و هێزی بەرگری بوون بەرامبەر بە داعش و هێزە عێراقیەكان بە حوكمی بوونی شیعە لە خانەقین و قەرەتەپە و خورماتوو و داقوق و تازە و كەركوك بە هێزی گەورە و زۆرەوە، جگە لەوەش هێزەكانی پێشمەرگە لە زیاتر لە 10 كیلۆمەتردا لە هێڵی بەرگریدا بوون بۆ شەڕەكە، ئەگەر  شەڕ ببوایە بە دەیان هەزار پێشمەرگە شەهید و بریندار دەبوون".

شێخ جەعفەر وتیشی "پرسی ریفراندۆم كارێك بوو كە هەموو كوردستان شانازی پێوە بكات چونكە كورد چاوەڕێی ئەوە بكات دەسەڵاتدارانی عێراق بێن و بڵین فەرموو كورد تۆ ببە بە دەوڵەت ئەوە مەحاڵە، بابەتی ریفراندۆم تەنها بیانو بوو، ئێمە وەك سەركردایەتی سیاسی, وەك حكومەتی هەرێم، وەك حیزبەكان دەمانزانی  كە عێراق بەرنامەی تێرو تەسەل و  داڕێژراوی هەیە". 

شیخ جەعفەر باسی لەوە كرد" پێموایە ئەوانەی باسی خیانەتی 16 ئۆكتۆبەر دەكەن بابێن لێكۆڵینەوە بكەن بۆ ئەوەی دەركەوێت خیانەت و خیانەتكاران كێن، ئەوەی من بیزانم لە نزیكەوە لەهێزی پێشمەرگەدا، لە پێشمەرگەیەكەوە هەتا دەگاتە فەرماندەی پێشمەرگەی كوردستان بۆیان بكرایە شەڕیان دەكرد و بەرگریان دەكرد لەو شارە".

هاڤانا و بای حەسەن تا ساڵی 2022 فرۆشرا بوو

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئاژانسی هەواڵی نها كەوتووە، لەلایەن سەركردایەتی پارتی و بنەماڵەی بارزانییەوە، هەردوو كێلگەی نەوتی بای حەسەن و هاڤانا بە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار فرۆشرابوو بەكۆمپانیایەكی بواری نەوت، ئەوەش بەلای یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە هێڵی سوور بووە ، لەژێر دەسەڵاتی ئەودا پارتی گرێنتی ئەو نەوتەی تا بیست ساڵی تر وەرگرتووە.

سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەسەر ئەو بابەتە بۆ ئاژانسی هەواڵی نها ئاماژەی بەوەكرد " هەردوو كێڵگە نەوتییەكە بە دوو ملیارد و پێنج سەد ملیۆن دۆلار بە كۆمپانیایەكی بواری نەوت لەلایەن بنەماڵەی بارزانییەوە تا ساڵی 2022 فرۆشرابوو، لەكاتێكدا هەردوو كێڵگە نەوتییەكە لەژێر دەسەڵاتی یەكێتی بووە، بۆیە رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر بەشێكی بچووكی پەیوەستە بەو دوو بیرە نەوتەوە و ئێمە بە بەڵگە لامان هەیە چۆن گرێبەست كراوە، پارتی ویستی گرێنتی وەرگرتنی كەركووك تا 20 ساڵی تر بكات، بەڵام یەكێتی ئەو هەوڵەی پوچەڵكردەوە ".
جەختی لەوەشكردوە "پارتی خاڵی لاوازی نەبوونی هەواڵگری عێراقی بوو، یەكێتی لەو رووەوە بەهێزبوو، بۆیە نەیتوانی رووداوی 16ی ئۆكتۆبەر بە سەروەری لەقەڵەم بدات، بەڵگەش بۆ ئەم قسانە داواكردنی چەندین پۆستی ئەمنی باڵایە لەلایەن پارتییەوە لە لایەنە شیعه‌ و سوننییەكان لە پێكهێنانی حكومەتی ئایندەی  عێراقدا".

ئەنجامدانی ریفراندۆم هەنگاوەكانی عێراقی پێشخست

لەلایەكی دیكەوە بەرپرسێكی سەربازی پارتی و ئامادەبووی رووداوەكەی 16ی ئۆكتۆبەر دەڵێت، دەبێت پەرلەمان و حكوومەت و سەرۆكایەتی هەرێم بڕیار لەسەر ئەوە بدەن 16 ی ئۆكتۆبەر خیانەتە یاخوود نا.

عەمید سەرحەد قادر بەرپرسی پێشووی پۆلیسی قەزا و ناحییەكانی كەركوك بە ئاژانسی نها-ی راگەیاند " سەركردایەتی كورد لەو رۆژەدا پلانێكی تۆكمەی نەبوو و پێویست بوو ستافی وەزارەتی پێشمەرگە بەرنامەیان هەبوایە بۆ رۆژی 16ی ئۆكتۆبەر، چونكە هەموو كەس دەیزانی كە ئەو رووداوە رودەدات ئەگەر شەڕ بكرایە دەتوانرا شەش مانگ لە كەركوك بەرگری بكرێت، لە پێشتریشدا لە شاخ پێشمەرگە بە كلاشینكۆفێك و هەشت مەخزەنەوە شەڕی هەموو حكومەتی عێراقی دەكرد، رێكخراوی قاعیدە لە فەلوجە 200 كەس بوون بە پێی راپۆڕتی ئەمریكیەكان 20 قەناس و 30 بیكەیسیان پێبوو توانیان شەش مانگ شەڕی حكومەتی عێراق و ئەمریكا بكەن بۆیە ئەگەر كورد بیویستایە لە كەركوك شەڕ بكات دەیتوانی بەرگرییەكی باش بكات و ئەگەر لە كەركوك نەتوانرایە شەڕ بكرێت لە داقوق و خورماتوو دەتواندرا شەڕ بكرێت".

لە بارەی ئەوەی ئەنجامدانی ریفراندۆم كاریگەری هەبێت لەسەر رودانی 16ی ئۆكتۆبەر باسی لەوە كرد" ریفراندۆم بكرایە یاخود نا حكومەتی عێراقی داوای لەپێشمەرگە دەكرد ئەو ناوچانە چۆڵ بكات كەجێناكۆكن  ، بەرنامەی هەبوو بێتە كەركوكەوە بەڵام ئەنجامدانی ریفراندۆم هەنگاوەكانی عێراقی پێشخست ".

لە بارەی ئەوەی ئایا 16ی ئۆكتۆبەر خیانەت بوو یاخود نا عەمید سەرحەد ئاماژەی بەوەكرد" سێ جێگا هەیە كە بەرپرسە لە گیانی هەموو تاكێكی كورد ئەوانیش سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم كه‌ دەبوو لیژنەیەك پێكبهێنن سەبارەت بەوەی ئەو رۆژە خیانەتە یاخود نا و ئەو سێ سەرۆكایەتیيە تاكو ئێستا بەیانامەیەكیشیان لە بارەی ئەو رۆژە دەرنەكردووە كە خیانەتە یاخود نا ".

وتیشی" سەركردایەتی یەكێتی و پارتی لیژنەیان پێكهێنا بۆ بەدواداچوون بۆ رووداوی 16ی ئۆكتۆبەر بەڵام هیچ ئەنجامێكی نەبوو، نیشانەی پرسیارە كە ئەو هەموو هێزە هاوبەشەی یەكێتی و پارتی لەو ناوچانە هەبوو بۆچی شەڕ نەكرا، دەبێت هەموو سەركردایەتی  سیاسی كورد داوای لێبوردن لە كەس و كاری شەهیدەكان بكات شەرمەزاری بوو ئەو هەموو هێزە لە بەردەست كورد دا بوو كه‌چی ئەو بارودۆخە خوڵقا " .


گەڕانەوە بۆ هێڵی 36 و رێكەوتنی پێشوەختە

لەدوای رووخانی رژێمی بەعسەوە لەساڵی 2003، هێزی پێشمەرگە لەچەند شوێنێك جێگیركرا، حكومەتی عێراق بەهەمان بۆچوونی هەنگاوەكانی بەعس لەسەر هێڵی 36 دەیویست ناوچە جێناكۆكەكان لەدەست كورد دەربهێنێت، بەڵام سەرەتا ئەو كارەی نەكرد، لەگەڵ هاتنی داعش و گرتنی موسڵ، بارزانی بە سیفەتی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رێكەوتنێكیان ئەنجامدا لەسەر ئەوەی پێشمەرگە بەشداری لەشەڕی دەركردنی داعش بكات و دواتر بگەڕێتەوە بۆ شوێنەكانی خۆیان، بەڵام پێشمەرگە لەو ناوچانەی ئازادی كرد نەكشایەوە، ئەمەش  حكومەتی عێراق جیابوونەوە و سەربەخۆیی كوردی لێ دەخوێندەوە، دوای ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم بیانویەك  لەبەردەم حكومەتی عێراقدا نەمایەوە بۆ ئەوەی پێشمەرگە بكشێنێتەوە بۆ ئەو شوێنانەی لە هێڵی 36 تیایدا جێگیركرا بوون، ئەوەش رووداوی 16 ی ئۆكتۆبەری بەدوای خۆیدا هێنا.

عێراق پێش 16 ی ئۆكتۆبەر پەیوەندییە سیاسییەكانی لەگەڵ هەرێم پچڕاند

بەوتەی فەرماندەی پێشووی میحوەری چواری كەركوك، بەر لە رووداوی 16ی ئۆكتۆبەر، حكوومەتی عێراق سەرجەم پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان پچڕاندبوو، ئەگەر ئەو رۆژە شەڕ بكرایە كەركووك وەك عەفرین و موسڵی لێدەهات.

وەستا رەسوڵ فەرماندەی پێشووی میحوەری چواری كەركوك بە ئاژانسی نها-ی راگەیاند"ئەگەر 16ی ئۆكتۆبەر هێزەكانی پێشمەرگە نەكشایەتەوە ئەوا دەبوو شەڕی ماڵ بە ماڵ و كۆڵان بە كۆڵان لە ناو كەركوكدا بكات و ئەو كات شارەكە وەك عەفرین یاخود موسڵی لێدەهات و ئێمەش نەمان ویست كەركوك  وێران ببێت و وای بەسەردا بێت ".

لە بارەی بوونی رێكەوتنی پێشوەختە لەگەڵ بەغداد وتی" رێكەوتنی پێش وەختە لە 22ی نۆ هەبوو بە فەرمانی مەسعود بارزانی فەرماندەی گشتی هێزەكانی پێشمەرگە لەگەڵ بەغداد  بۆ رزگاركردنی حەویجە، بۆ ئەو مەبەستە 24ی نۆی ساڵی رابردوو لەگەڵ فەریق روكنێكی سوپای عێراق بە ناوی عادل كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجامدرا ".

لە بارەی ئه‌وه‌ی ئەنجامدانی ریفراندۆم هۆكاری رووداوی 16ی ئۆكتۆبەر بوو وەستا رەسوڵ وتی" پێش 16ی ئۆكتۆبەر عێراق پەیوەندی دیبلۆماسی لەگەڵ هەرێمی كورستان پچراندبوو و فرۆكەخانەكانی هەرێمی داخستبوو و چەندین رێوشوێنی تری گرتەبەر و گوشاری دەكردە سەر هەرێمی كوردستان و ئەمانە هەمووی دیاربوو جوڵەی جەنگە و ئەمانە هەمووی هۆكارەكەی ئەنجامدانی ریفراندۆم بوو ".


2018-10-16
زیاتر...
123