راپۆرت

ئاژانسی نها پێشبینی لایەنەكان بۆ بەدەستهێنانی كورسیەكانی پەرلەمان بڵاودەكاتەوە

ئاژانسی نها: ئاریا رەشاد

30 ئەیلول هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت، لایەن و قەوارە سیاسیەكان خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئامادە كردووە، لەم راپۆرتەدا پێشبینی لایەنە سیاسیەكان بۆ بەدەستهێنانی ژمارەی كورسیەكانیان دەخەینەروو.

رێواس فایەق ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە ئاژانسی نها-ی راگەیاند "یەكێتی بە بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی پێشوو دەنگی بەرەو هەڵكشان دەچێت و پێشبینی دەكەین سەروو 25 كورسی پەرلەمانی كوردستان بەدەستبهێنین".

نەوەی نوێ كە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا توانی چوار كورسی پەرلەمانی عێراق بە دەست بهێنێت و یەكەمین ئەزمونی بەشداریكردنی بوو لە هەڵبژاردندا پێیانوایە لەم هەڵبژاردنەدا دەتوانن پلەی یەكەم بەدەستبهێنن.

ئارام سەعید بەڕێوبەری پەیوەندییە گشتیبیەكانی نەوەی نوێ بە ئاژانسی نها-ی راگەیاند" ئامانجمان پلەی یەكەم و بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیرانە، لە حاڵەتێكدا ئەگەر بەدەستمان نەهێنا، بە دڵنیاییەوە پلەی دووەم بەدەستدەهێنین ".

پارتی كە لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی كوردستاندا 38 كورسی پەرلەمانی بەدەست هێنابوو پێیانوایە لەم هەڵبژاردنەدا دەتوانن كورسیەكانیان زیاد بكەن.

ئومێد خۆشناو ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئاژانسی نها-ی راگەیاند   "پارتی پلەی یەكەمی مسۆگەرە، بەڵام هەوڵی تەواوی بۆئەوەیە بەجیاوازییەكی زۆرەوە لەپێش ئەو لایەنە بێت كەپلەی دووەم بەدەست دەهێنێت". 

وتیشی "ناتوانین پێشبینی ئەوە بكەن چەند كورسی بەدەستدەهێنین، بەڵام لامان روونە دەنگمان زیاد دەكات".

لەبارەی كورسیەكانییانەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا قاسم گەڵاڵی بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكگرتووی ئیسلامی بە ئاژانسی نها-ی راگەیاند 
"هەوڵمان بۆ ئەوەیە بتوانین پارێزگاری لە كورسیەكانی پێشووكان لە پەرلەمانی كوردستان بكەین یاخود دەنگەكانمان زیاد بكەین".

ئەمە لە كاتێكدایە لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی كوردستاندا یەكگرتووی ئیسلامی 10 كورسی پەرلەمانی كوردستانی بەدەستهێنابوو.

لیستی سەردەم كە پێكهاتووە لە حیزبی سۆسیالست و چەند حیزبێكی تر، بۆچوونیان وایە دەتوانن دوو كورسی لە پەرلەمانی داهاتوودا بە دەستبهێنن.

بەختیار كەریم وتەبێژی حیزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان بە ئاژانسی نها-ی راگەیاند" پێشبینی دەكەین بتوانین پارێزگاری لە كورسییەكانی پێشوومان لە پەرلەمانی كوردستان بكەین و  هاوپەیمانێتیەكەمان بتوانێت دوو كورسی پەرلەمان مسۆگەر بكات".

ئەمە لە كاتێكدایە هەر یەكە لە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بایكۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانیان كردووە.

بە وتەی بڕیاردەری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان 28 قەوارە و لیست كێبڕكێ لەسەر 111 كورسی پەرلەمانی كوردستاندەكەن.

ئیسماعیل خورماڵی بڕیاردەری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە ئاژانسی نها-ی راگەیاند "9 لیست و قەوارەی كوردی كێبڕكێ لەسەر بەدەسهێنانی سەد كورسی گشتی پەرلەمانی كوردستان دەكەن".
وتیشی" پێكهاتە جیاوازەكان كێبڕكێ لەسەر 11 كورسی كۆتا دەكەن لە پەرلەمانی كوردستاندا". 

ئەمە لە كاتێكدایە 30 ئەیلول هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدەدرێت هاوڵاتیان بڕیار دەدەن كێ زۆرترین كورسی پەرلەمانی بەدەست دەهێنێت و دابەشكاری كورسیەكانی پەرلەمان چۆن دەبێت.

2018-09-21
زیاتر...
123