حکومەت چۆن زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشدەکات، زانیاریی نوێ گەیشت
راوێژکاری یاسایی وەزارەتی شارەوانی رایگەیاند، ئەگەر ژن و مێردێک هەردووکیان فەرمانبەربن تەنیا زەوی بە یەکێکیان دەدرێت، ئەگەر یەکێکیان پێشتر سوودمەندبووبێت، ئێستا ئەوەی دیکەیان ناتوانێت سوودمەندبێت.
موفیدە یونس، راوێژکاری یاسایی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەزارەتی شارەوانیی رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستپێکردووە بە مەبەستی خستنەڕووی ئامارەکانی فەرمانبەران و ژمارەی زەوییەکان و هەڵسەنگاندنی پێویستیی دیاریکردنی زەوییەکان لەسەر نەخشە، دوو کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان، سەرۆکایەتیی شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرانی نەخشەی ئاوەدانی کردووە.
وتیشی، هەموو ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر سوودمەند نەبوون لە وەرگرتنی زەوی و خزمەتییان لە هەشت ساڵ کەمترنییە، بەگوێرەی رێنماییەکان زەوییان پێ دەدرێت.
موفیدە یونس ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ژن و مێردێک هەردووکیان فەرمانبەر بن و هیچیان سوودمەند نەبووبن، ئەوا زەوی بە یەکێکیان دەدرێت، ئەگەر پێشتر یەکێکیان سوودمەند بووبێت، ئەوەی دیکەیان ناتوانێت زەوی وەربگرێت، بەڵام ئەگەر پێش ئەوەی هاوسەرگیریی بکەن یەکێکیان زەوی وەرگرتبێت، ئێستا ئەوەی دیکەشیان دەتوانێت سوودمەندبێت.
|