کوردستان

بارزانى و سه‌رۆكى دادگاى فیدراڵى کۆدەبنه‌وه‌

نها نیوز ـ هه‌واڵه‌كان

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان جارێکی تر گەیشتەوە بەغدا، دوای بینینی فایەق زەیدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، له‌گه‌ڵ جاسم محه‌مه‌د عه‌بود، سەرۆکی دادگای فیدراڵی عێراقیش، كۆبووه‌وه.

دادگای فیدراڵی عێراق بەمدواییە لەسەر بنەمای سکاڵایەکی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، رێوشوێنەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی بۆ سازدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی 10ی حوزەیرانی ئەمساڵ راگرت.

نێچیرڤان بارزانی دوای گەڕانەوەی لە تاران بە دۆخێکی نوێوە سەردانی دادگای فیدراڵی دەکات، دادگایەک کە بەرپرسانی پارتی بەوە تۆمەتباریان دەکرد فەرمان لە تارانەوە وەردەگرێت.

نێچیرڤان بارزانی چاوەڕوانی ئەوەیە دادگا لەماوەیەکی دیاریکراودا سکاڵاکەی مەسرور بارزانی لەسەر کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان یەکلابکاتەوە بۆ ئەوەی وەکو سەرۆکی هەرێم بۆ جاری پێنجەم وادەیەکی نوێ بۆ سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان دیاریبکات، وەکو خۆی دەڵێ، نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت لە زووترین کاتدا وادەی نوێی هەڵبژاردن دیاری بکات.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، له‌ ئه‌مریكاوه‌ بافڵ تاڵه‌بانى سه‌رۆكى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان هۆشداریدا له‌ دواخستنى هه‌ڵبژاردن و جه‌ختیكرده‌وه‌، ئه‌وا دژى دواخستنى هه‌ڵبژاردنن و هه‌موو هه‌وڵه‌كانیشیان بۆ ئه‌وه‌یه‌، هه‌ڵبژاردن له‌ واده‌ى خۆیدا به‌ڕێوه‌بچێت.

2024-05-14
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.