ئابوری

گەندەڵییەکی گەورە و مەترسیدار لەسەر گرێبەستەکانی نەوتی هەرێم ئاشکرا بوو

نها نیوز – هەواڵەکان

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات "کۆمپانیا نەوتیە بیانیەکانی هەرێم ئامادە نین گرێبەستە نەوتیەکان بدەن بەوەزارەتی نەوتی عێراق تاوەکو پێداچونەوەی بۆ بکرێت، چونکە کۆمپانیا بیانیەکان ڕەزامەند نین نهێنی گرێبەستەکان ئاشکرا بکرێت".

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک گەندەڵیەک ئاشکرا دەکات و نوسیویەتی "بەپێی نوسراوی (665 لە28/2/2024) وەزارەتی سامانە سروشتیەکان وەڵامی چاودێری دارایی فیدراڵی دەداتەوە کە ئامادەنین نوسخەی گرێبەستە نەوتیەکان بدەن بەوەزارەتی نەوتی عێراق بەهۆی ئەوەی کۆمپانیا بیانیەکان ڕەزامەند نین نهێنی گرێبەستەکان ئاشکرا بکرێت!".

لە نوسراوەکەدا ئەوەش نوسراوە "لەناو گرێبەستەکانیش بڕگەو ماددەی تێدایە کە هەموو لایەنەکانی ناو گرێبەستەکە ڕەزامەند نەبن نابێت گرێبەستەکە ئاشکرا بکرێت!".

بەپێی نوسراوەکەی سۆران عومەر، ئەوەش دوای ئەوە دێت بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی ( 59/اتحادية /2012 وموحدتها 110/اتحادية/ 2019) پێویستە وەزارەتی نەوت پێداچوونەوە بەگرێبەستە نەوتیەکانی هەرێم و کۆمپانیا بیانیەکان بکات بۆ چارەسەری کێشەی نەوتی هەرێم.

ئ.ز
 
2024-04-29
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.