وتار

‎ئەنجامەكانی هەڵبژاردن

‎مەسعودی مەلا هەمزە
‎ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لەلایەن كۆمسیۆنەوە شتێكی نوێی تیانەبوو، یاخود دەتوانین بڵێین جیاوازییەكی ئەوتۆی نەبوو لەگەڵ ئەنجامە سەرەتاییەكان، ڕەتكردنەوەی ئەنجامەكان لەلایەن لایەنەكانی جگە لە یەكێتی و پارتی و واژوونەكردنی ئەنجامەكان لەلایەن نوێنەرانی كۆمەڵ و گۆڕان و یەكگرتوو گومانەكان زیاتر دەكا لەسەر پڕۆسەكە.

‎ئەوەی ئێستا هەیەو بۆتە دیفاكتۆ ئەوەیە نوێنەرانی پارتی و یەكێتی ئەنجامەكانیان واژوو كردووەو یەكێتی لەگەڵ دووپاتكردنەوەی بوونی سەرنجیان لەسەر پڕۆسەكە ڕایانگەیاند كە ئەنجامەكانیان قبوڵە، پرسیاری جەوهەری هەڵبژاردن و ئەنجامەكان و گومانەكان نییە بەقەد ئەوەی قسەكردن لەسەر چوار ساڵی ئایندە بابەتێكی گرنگترە.

‎لە سەرەتای دەركەوتنی ئەنجامە سەرەتاییەكان بەشێك لە سەركردەكانی پارتی باسیان لە حكومەتی زۆرینەو پێكهێنانی حكومەت بەبێ یەكێتی دەكرد، پێموایە پێش هەموو كەس پارتی  خۆشی قەناعەتی بەم قسەیە نییەو باش دەزانێ لە كوردستان بەبێ یەكێتی حوكمڕانی ناكرێ، كەواتا هاوشانی پارتی یەكێتی یەكێك دەبێ لەهێزە سەرەكییەكانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، لەوانە لەڕووی پێگەو حەجمەوە جیاواز بێ لە جارەكانی تر، بەڵام حوكمڕانی بەبێ یەكێتی فاڵێكی بەتاڵە هەركەس دەستی بۆ ببا.

‎ترسی گەورەو كێشەی گەورەی بەردەم یەكێتی و لایەنەكانی تر، پەرلەمانی كوردستان و ژمارەی كورسییەكانی پارتیە! ئەو مەترسییە بە جۆرێكە كە دەبێ یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو لەوە تێبگەن كە تێپەڕاندنی هەر پڕۆژە یاسایەك بۆ پارتی ئاسانترە لە هەر لایەنێكی تر، بە تایبەت ئەو یاسایانەی ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە جومگە هەستیارەكانی پارتی هەیە، وەكو یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و یاسای بودجەو چەندان یاسای تر، لە بەرامبەردا بەبێ تەوافوق و ڕێككەوتنی پێش وەخت قوڕسە هەریەك لەو لایەنانە بتوانن بەتەنها پڕۆژە یاسا تێپەڕێنن، یان ببنە بەربەست لەبەردەم هەنگاوەكانی پارتی.

‎كەواتا لە پرسی بەشداریكردن لە حكومەت گرنگتر كۆدەنگیەكی پەرلەمانیە بۆ ئەوەی یاسایاكان بە تەوافوقی سیاسی تێبپەڕێنرێن و هیچ لایەنێك بە تەنها نەتوانێ ئەجنداكانی خۆی بسەپێنێ بەسەر لایەنێكی تر.
‎بە لێكتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان لایەنەكان لە پەرلەمانی كوردستان دەتوانرێ ڕێ لەم پلان و بەرنامەیەی پارتی بگیرێ بۆ ئەوەی هەموو شتێك بە ئارەزووی ئەو نەبێ، خۆ ئەگەر لایەنەكانی دەرەوەی پارتی وەك جارانی پێشوو كەوتنە ململانێی یەكترو هەوڵی شكاندنی یەكتریان دا نابێ گلەیی لەوە بكەن كە پارتی زیاتر باڵادەست دەبێ و گەورەترو كاریگەرتر دەبێ، هاوتەریبی ئەوە دەبێ ئەو لایەنانە زۆرباش لەوە تێبگەن كە پێویستە هەولێری پایترخت ببێتە چەقی ململانێ سیاسییەكان نەك سلێمانی و زۆنی سەوز، بەم هەنگاوەی لایەنەكان لە كەشێكی ئارامی دیموكراسیدا دەتوانن ڕێ لە هەژموونی پارتی بگرن بەسەر كوردستان.

‎پێویستیشە هەریەك لە یەكێتی و گۆڕان و ئیسلامییەكان لەوە تێبگەن كە هەولێر و دهۆك چەقی ململانێیە نەك سلێمانی و هەڵەبجە.

‎ماوەتەوە بڵێم بۆ چوار ساڵی داهاتوو ئەركی هەموو لایەنەكان یەكجار قوڕسەو پێویستە تواناكان یەكبخرێن بۆ ئەكتیڤبوونی فراكسیۆنەكان لە پەڕلەمانی كوردستان.
ژمارەی خوێنەر   ‌ 500‌
10/22/2018 11:54:33 AM
زیاتر...