وتار

دەربارەی چاكسازیی سیستمی كۆتا

فەرید ئەسەسەرد

مەسیحییەكان لە دۆخی ئێستای كۆتاكانیان ناڕازین. هەر ئەمەشە كە هانی داون خۆپیشاندانێكی گەورە لەبەردەم پەرلەمانی كوردستان رێكخەن ‌و پەیامەكەیان بە ئاشكرا بگەیەنن. هەرچەند خۆپیشاندانەكە هی مەسیحییەكان بوو، بەڵام بەپێی لێدوانی لێپرسراوە توركمانەكان، پێدەچێ‌ توركمانەكانیش لە دۆخی كۆتاكانیان ناڕازی بن. 

ساڵی 1992 كورد سیستمی كۆتای بۆ ئەوە داهێنا تا مەسیحییەكان نوێنەرەكانی خۆیان بگەیەننە ناو پەرلەمان. پەیامەكەش ئەوە بوو كە كورد وەك گەلێكی چەوساوە، رێز لە مافی كەمینەكان دەگرێ‌ ‌و دان بە تایبەتمەندییەكانیاندا دەنێ‌. لەسەر ئەم بنچینەیە، سیستمی كۆتا داهات. مەبەست لە كۆتا ئەوە بوو كەمینەكان نوێنەری راستەقینەیان لە پەرلەمان هەبێ‌. لە راستیشدا ئەم مەسەلەیە لە ساڵی 1992دا زۆر بە رێكوپێكی بەڕێوە چوو. ئێستا پاش 26 ساڵ، دەردەكەوێ‌ كە ئەم ئەزمونە پێویستی بە پێداچونەوەیە ‌و نەیتوانیوە مەبەستەكانی بەدی بێنێ‌.

دانانی كۆتا بۆ كەمینەكان لە كوردستان لە ساڵی 1992، دووەم ئەزمونی كۆتایە لە مێژوی عیراقدا. لە ساڵی 1925دا یاسای بنچینەیی عیراق (دەستور) لە ماددەی 37 دا جەختی كردە سەر ئەوەی كە دەبێ‌ مەسیحی ‌و جولەكە لە ئەنجومەنی نوێنەراندا نوێنەری خۆیان هەبێ‌. هەروەها یاسای 1924ی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە ماددەی 6دا ژمارەی كورسیی كۆتای كەمینەكانی بە 8 كورسی دیاری كردووەو ئەو 8 كورسییەی بەو جۆرە دابەش كردووە كە لە موسل 2 بۆ مەسیحییەكان ‌و یەك بۆ جولەكە بێ‌، لە بەغدا یەك بۆ مەسیحییەكان ‌و 2 بۆ جولەكەو لە بەسرە یەك بۆ مەسیحییەكان ‌و یەك بۆ جولەكە.

لە ئەزمونی هەرێمی كوردستاندا ئەزمونی كۆتاكان نەیتوانیوە ئەزمونێكی سەركەوتوو بێ‌ چونكە مەرجێكی سەرەكیی كۆتای دابین نەكردووە، ئەویش ئەوەیە كە دەبێ‌ كەمینەكان خۆیان نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن ‌و دەبێ‌ ئەو نوێنەرانە بە دەنگی كەمینەكان دەرچن بۆ ئەوەی ببن بە نوێنەری راستەقینەیان. ئەوەی بە كردەوە لە كوردستان رویداوە، ئەوەیە كە نوێنەری كەمینەكان، بە دەنگی زۆرینە دەردەچن نەك بە دەنگی كەمینە.

لە هەڵبژاردنی 2013 دا كەمترین دەنگ كە كاندیدەكانی كۆتاكان بە دەستیان هێناوەو پێی چونەتە ناو پەرلەمان 531 دەنگ ‌و 1093 دەنگ بووە. پەرلەمانتاربونی كەمینەكان بە دەنگێكی كەم، حزبە گەورەكانی زۆرینەی هانداوە حزب بە ناوی كەمینەكانەوە دروست بكەن ‌و كار بۆ سەرخستنی نوێنەرەكانیان لە كۆتاكان بكەن. كارەكەش ئەركێكی زۆری ناوێ‌. دەشێ‌ كاندیدەكە بە دەنگی هەزار ئەندامی حزبێكی دەستڕۆیشتوو دەرچێ‌. ئەمەش هیچ بەهایەكی بۆ كۆتاكان نەهێشتۆتەوەو وای كردووە كۆتاكان ژمارەیەكی زۆری نوێنەری ناڕاستەقینەی كەمینەكانیان تێ‌ بكەوێ‌.

دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان ئۆباڵی بەشێكی گیروگرفتەكەی لە ئەستۆ دایە، چونكە پڕۆژەیەكی مەسیحییەكانی بۆ جیاكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانیان رەت كردۆتەوە. لە راستیشدا جیاكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی كۆتاكان كۆتایی بە مشتومڕەكە دێنێ‌، چونكە ئەوسا دەنگدەرانی زۆرینە ناتوانن دەنگ بە كۆتاكان بدەن.

لە ژیانی سیاسیدا مەسەلەی كۆتاكان بەو چەشنەی كە ئەمڕۆ لە هەرێم بەڕێوە دەچێ‌، رەنگدانەوەی خراپی لەسەر پەیوەندییە گشتییەكان هەبووە. لەلایەك، بە خراپی كاری كردۆتە سەر پەیوەندیی نێوان حزبەكان، ئەویش لەو روانگەیەوە كە حزبە دەستڕۆیشتووەكان كۆتاكانیان بۆ پتەوكردنی دەسەڵاتیان لەناو پەرلەمان قۆستۆتەوە، لەلایەكی ترەوە، كاری كردۆتە سەر پەیوەندیی برایانەی كوردو كەمینەكان ‌و وێنەیەكی وای بۆ كۆتاكان كێشاوە كە پاشكۆی حزبە دەستڕۆیشتووەكانن ‌و لە دەنگداندا هیچ رایەكی جیاوازیان لە رای حزبە دەستڕۆیشتووەكان نیە. خراپ بەكارهێنانی كۆتاكان لە ململانێی سیاسیدا، كاردانەوەی توندی لێ‌ كەوتۆتەوەو گەیشتۆتە ئەو رادەیەی كە پڕۆژە یاسا بۆ كەمكردنەوەی ژمارەی كورسیی كۆتاكان پێشكەش بە پەرلەمان بكرێ‌.

بەدڵنیاییەوە كەس بیر لە هەڵوەشاندنەوەی كۆتا ناكاتەوە. بەڵام دەبێ‌ لە سێ‌ گۆشە نیگاوە سەیری مەسەلەكە بكرێ‌. یەكەم، لە گۆشە نیگای ئەوەی كە لەڕاستیدا ژمارەی كورسیی كۆتاكان زۆرەو لە دیاری كردنیشدا پشت بە هیچ پێوەرو سەرژمێرێك نەبەستراوە. ئەوەی ئەمەش رون دەكاتەوە، ئەوەیە كە لە ئێران جولەكەو زەردەشتییەكان هەر یەكەیان نوێنەرێكی هەیە، لە عیراقی سەردەمی پاشایەتیش بۆ سەرتاسەری عیراق ژمارەی كورسیی كۆتاكان تەنها 8 كورسی بووە. دووەم، مەرج نیە بۆ هەموو كەمینەیەك كۆتا هەبێ‌. سێیەم، دەبێ‌ نوێنەرانی كەمینەكان نوێنەری راستەقینەی كەمینەكان بن ‌و بە دەنگی ئەوان دەرچن نەك بە دەنگی حزبە دەستڕۆیشتووەكان.

بەردەوامبونی سیستمی كۆتا لەسەر ئەم ریتمەی ئێستا، لە بەرژەوەندیی گشتیدا نیە. ئەم سێكتەرە وەك زۆر سێكتەری تر پێویستی بە چاكسازییە. كەمینەكان مافی خۆیانە تۆماری دەنگدەرانی خۆیان هەبێ‌ ‌و لە پەرلەمان نوێنەری راستەقینەیان هەبێ‌. ئەركی زۆرینەش ئەوەیە كە رێز لەم ویستە بگرێ‌ ‌و دەست وەرنەداتە ناو كاروباری كەمینەكان، هەروەك بەرژەوەندیی دیموكراسیش لەوە دایە كە كەمینەكان نوێنەری كاراو راستەقینەیان لەناو پەرلەمان هەبێ‌.
ژمارەی خوێنەر   ‌ 384‌
8/16/2018 4:04:21 PM
زیاتر...