وتار

ژن و سیاسەت

شنە سەعید
رووبەری سیاسیی ئێمە، رووبەرێكی پیاوانەیە. رووبەرێكە لە كەمترین شوێن و، كەمترین وێزگەدا ژن ئامادەیی هەیە تێیدا. نا ئامادەیی ژن لەم رووبەرەدا پەیوەندی بە كێشەی جێندەرییەوە نییە، پەیوەندی بەو تێگەیشتنەوە هەیە، رەگ و ریشەكانی لەناو كلتوور و پەروەردەدان. حیزبی كوردی لە باشوور (بە هەموویانەوە) حیزبگەلێك نین توانیبێتیان لە رێگای ئایدۆلۆژیاكەیانەوە لەم تێگەیشتنە بێنە دەرەوە، بەڵكو تەواوی وزەی ئایدۆلۆژی حیزبی كوردی خزمەتكردن بووە بەو تێگەیشتنە نەریتی و كلتووری و پەروەردەییەی، كە ژن دەكاتە دەرەوەی رووبەری سیاسیی. ئێمە ناپرسین بۆ ئامادەیی ژن كەمە لەم رووبەرەدا، ئێمە دەپرسین ئەو عەقڵە نێرانەیە چی لەناو رووبەری سیاسیدا بەرهەم هێناوە، توانای زیاتربێت لە توانای عەقڵی ژن؟ ئەزمونی رابردووی سیاسەتكردن لەم هەرێمە دەریخست ئەزمونێكی سەركەوتوو نەبووە، ئەزمونێكی شكستخواردوو بووە، ئەزمونێك بووە نەك هەر نەیتوانی دەست بۆ گۆڕینی تێگەیشتنە نەریتییەكان ببات، بەڵكو نەیتوانی بونیادی كێشە كۆمەڵایەتییەكانیش چارەبكات. هەر ئەو عەقڵەی پێی وایە، كێشەی ژن لەم مەملەكەتە كێشەیەكی جێندەرییە، هەر ئەو عەقڵە ناتوانێت بنەوانی كۆمەڵگە و بنەوانی كلتوور و پەروەردە وەك خۆی بناسێت.

ئێمە نیگەران نیین لەو نوخبە سیاسییەی وێنای سیاسەت ئەكێشن، نیگەرانین لەتەواوی پێكهاتەی عەقڵی سیاسیی و فەرهەنگی، چونكە كێشەكان لە خودی عەقڵەكانەوە سەرچاوە دەگرن، نەك لەو نوخبە پیاوەی ناو رووبەری سیاسیی. ئەشێت بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشە گرنگە، جارێكی كە خوێندنەوە بۆ تەواوی كلتوور و پەروەردە و ئایدۆلۆژیای حیزبی بكەین. ئەو تێگەیشتنە هەڵوەشێنینەوە كە ژن دەكاتە دەرەوەی رووبەرێكی گەورەی سیاسیی، كە راستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی تەواوی كۆمەڵگەوە هەیە. نمونەی چەند ژنێك لەناو ئەم رووبەرەدا، نابێتە ئومێدێك خۆمانی پێوە هەڵبواسین، چونكە ئەو نمونانەش گیرۆدەن بە دەست هەمان تێگەیشتنە نەریتییەكەوە و، رۆژانە دەرگیری ئازار و تانە لێدان دەبنەوە و خۆیان بە نامۆ دەبینین لەو رووبەرەدا.
بۆ ئەوەی رووبەری سیاسیی ئێمە رووبەرێكی یەك رەنگی نێرانە نەبێت، بۆ ئەوەی كێشەی نائامادەیی  ژن لەم رووبەرە كۆتایی بێت، پێش هەمووشت دەبێت ئەو كێشەیە لە دیدی جێندەری رزگار بكەین و، بیكەینە كێشەیەكی كلتووری و پەروەردەیی. هەتا تێگەیشتنە نەریتی و كلتوورییەكەی دەسكاری نەكەین، تا جارێكی كە پەروەردەی كۆمەڵگە نەگۆڕین بۆ پەروەردەیەكی پێكەوە بوون، پێكەوە كاركردن، پێكەوە بیركردنەوە، بێگومان ئەم كێشەیە بە دیدگای جێندەری چارە ناكرێت.

كەم نین ئەو ژنانەی بەردەوام هاواری نائامادەیی ژن دەكەن لە رووبەری سیاسیدا، كەمیش نین ئەو پیاوانەی ئەم بروایەیان هەیە و نیگەران لێی، ئەما هێشتا زۆر كەمن ئەوانەی بتوانن بنەوانی كێشەكە وەك خۆی ببینن. ژن بۆ ئەوەی لەماڵ بێتە دەرەوە و ببێتە هێزێكی كاریگەر و كاركەری ناو كۆمەڵگە، پێویستە فەزای بۆ دروستبكرێت. ژن بۆ ئەوەی لەناو رووبەری سیاسیدا شوێنێكی گرنگی هەبێت، پێویستە ئەو تێگەیشتنە نەریتییە پیاوانەیە گۆڕانی بنەرەتی بەسەردا بێت. ژن بۆ ئەوەی نەبێتە سێبەری پیاو، سێبەری تێگەیشتنی پیاوانە، پێویستە راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ بیركردنەوەكانی و تواناكانی بكرێت. ستایشكردنی ژن وەك دایك و وەك مەخلوقێكی میهرەبان، دادی ئەم بۆ شاییە گەورەیە نادات. بینینی ژن بە چاوێكی پیاوانەوە بۆ جوانییەكەی، بۆ نازكیەكەی، دادی ئەم خەمە گەورەیە نادات.

خەمی نائامادەیی ژن لە شوێنە گرنگەكان، لەو شوێنانەی چارەنووسی كۆمەڵگەیان بەدەستەوەیە، خەمێكە لە دەرەوەی نمایشی رێكخراوەیی و نمایشی گوتاری فریودەرانەدایە. خەمێكە پێویستە پێكەوە كاری بۆ بكرێت و پێویستە پێكەوە بیری لێبكرێتەوە، تا ئەم دیوە بەهێزەی كۆمەڵگە كە ژنە بچێتەوە شوێنە راستەقینەكەی خۆی. شوێنی ژن تەنها ماڵەوە و ناو جیهانی میهرەبانی و دایكایەتی نییە، شوێنی ژن هەموو ئەو شوێنانەیە كە كۆمەڵگە و سیاسەت و ئابووری تێیدا شوێنن. هەرچۆن ژن بەشێكی گرنگی كۆمەڵگەیە، ئاواش بەشێكی گرنگی رووبەری سیاسیی و فەرهەنگی و ئابوورییە. بەشێكی گرنگە ئەدەب و نووسینە. بەشێكە دیوێكی كۆمەڵگە وێنا دەكات و، پەراوێزخستنی ئەم دیوە گرنگەی كۆمەڵگە، پەراوێزخستنی وزەیەكی گەورەی كۆمەڵگەیە.
ئێمە ناڵێین با تەواوی رووبەری سیاسیی و بریاردان و ئابووری ببێت بە ژن، بەڵام دەڵێین: نا ئامادەیی ژن لەم شوێنە گرنگانەدا و كەم رەنگی ژن لەم شوێنانەدا، بۆ خۆی دروستكردنی درزێكی گەورەیە لەناو پێكهاتەی كۆمەڵایەتی و سیاسیدا. بۆشایەكی گەورەی عەقڵییە كە ئەم بۆ شاییە تێگەیشتنە نەریتییەكە دروستكیردوە و حیزب و ئایدۆلۆژیاش بەردەوام خزمەتی ئەم تێگەیشتنە دەكات، بەبێ‌ ئەوەی ئاگاداربێت كۆتایی ئەم چیرۆكە چ قڵیشانێكی كۆمەڵایەتی دروست دەكات.

ژمارەی خوێنەر   ‌ 1122‌
8/6/2018 2:22:24 PM
زیاتر...