وتار

هەچچە بابەکەم هەچچە!

شیلان دەرگەڵەیی

دوای 31 ی ئاب نزیکەی دوو مانگ لە ئۆردوگای قەمتەرانی نزیک گوندی قزقەپانی سەربە شاری خانە ماینەوە، دواتر وەک هەمیشە بە نایاسایی سنوورم بڕی و لەگەڵ دوو خزمی خۆم بە ڕێگای داوداوێ- قاسمەڕەشدا هاتمەوە زەڵێ و نێوزەنگ و توژەڵە ماڵی برا گەورەکەم لەوێ گیرسابوونەوە.

 بەشێکی ڕێگام بە سواری وڵاخ بڕی، کوڕێکی تەمەن نێوان 20-25 ساڵ سەری وڵاخی ڕائەکێشا دیاربوو ئیشی کۆڵبەری و گواستنەوە خەڵکی ئەکرد لە مەرزی نێوار باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان.
کوڕێکی باریکەڵەی ئەسمەری ڕەق بووەوەی باری گرانی ژیان و دابینکردنی بژێو هێزی بڕیبوو، لە ڕوخسار و هەڵس و کەوت وەک پیاوێکی بەتەمەن ئەهاتەبەرچاو.
نەرم و ئارام ڕێی ئەکرد، خۆشەویستیەکی بێ پایانیشی بۆ وڵاخەکەی پیشان ئەدا، لەبەر خۆشیەوە وردەوردە گۆرانی (هۆ کاکە ڕەحمانم، هۆ برا ڕەحمانم)ی دەگوت، کە وڵاخەکەش جڵەوی گورج دەبوو، بە نەرمی دەیگوت:

(هەچچچە بابەکەم هەچچچە، هەچچچچە باااااااابی بابم هەچچە)!!

هەر لە سەرەتای (هەچچە)کانیەوە لەدڵم بووە گرێ (ئەو کوڕە بۆچی بە وڵاخەکەی دەڵێ بابەکەم و بابی بابم و هەچچەشی لێدەکا)؟!
 زۆری نەمابوو بگەمە قاسمەڕەش، گوتم:

 خۆ لێی نەپرسم لەسەر دڵم دەبێتە گرێ و بەبێ برینە پێی دەمرم!
غیرەت گرتمی و پرسیم:

کوڕی باش ئەوە بۆ بەو وڵاخە ئەڵێی هەچچە بابەکەم، خۆ گەورەیی باوک هی ئەوەنیە هەچچەی لێبکەیت؟!

زۆر بەبێتاقەتی ئاوڕێکی دایەوە، وەک هەڵەیەکی گەورەم کردبێ، زمانی خۆمم گەزت و زانیم یا بریندارمکرد یا دڵی پڕە و کوڵی خۆمم پێ دەڕێژێ، هەر لەو شاخ و کێوەم هەڵنەدێرن خۆی و ئەسپەکەی باشە!
گوتی: خوشکێ، بابی من لەوەتەی هەیە ئیشی بە دایکمان کردووە تا من و هەشت خوشک و براکەم گەورەبووین ئنجا ئێمەی خستەبەر ئیش، لەژیانیدا هەر خەریکی تەزبیح بادان و ماتانێ و گەڕان و سوڕان و مناڵ دروستکردن و پارەسەرفکردن بووە. ئەوەندەی ئەو وڵاخە چاکە و خێری بۆ من و دایکم و خوشک و براکانم هەیە باوکم نیەتی، ئنجا توخوا هەق نیە ئەو وڵاخە بابم بێ و بە باب بانگی بکەم و لە بابمم خۆشترم نەوێ؟!!

 ئنجا دەزانی چی، کچێ خۆ بابیشم ناوی ڕەحمانە بۆیە هەر ئەو گۆرانیەیا بۆ دەڵێم، ئەی سەر و ملێ بابم لە قوڕێ نێن دەی تۆش دەوی منت کردەوە و قسەت پێکردم !
ژمارەی خوێنەر   ‌ 1703‌
10/1/2018 10:42:09 AM
زیاتر...